رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق، رایگەیاند، سەرۆک و ئەندامانی یەکێک لە لیژنەکانی کۆکردنەوەی داهات لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی شەتڕە دەستگیرکراون؛ ئەوەش دوای ئەوەی پۆستەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتی بەکارهێناوە.
رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "تیمێکی کار لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی زیقار پێکهێندرا و رەوانەی بازاڕی مەڕوماڵاتی شەتڕە کرا، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و وردبینی، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی کۆکردنەوەی داهاتی بازاڕەکە، کە بە فەرمانێکی کارگێڕی شارەوانی پێکهێندرابوو."
بەگوێرەی زانیارییەکان، لیژنەکە لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکە رێککەوتبوون کە رۆژانە داهات کۆبکەنەوە و لەنێوان خۆیاندا دابەشی بکەن. دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، گرێبەستی بازاڕەکە لە ساڵی 2024 کۆتاییهاتووە.
دوای رێکخستنی دۆسیەیەک بۆیان و خستنە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی لە زیقار، بڕیاری راگرتنی هەر 6 تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 316ـی یاسای سزادانی عێراقی دەرکرا.


