رووداو - دیجیتاڵ
دوای 17 کاژێر چاوەڕوانی، تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران گەیشتە بەردەم مەزارگەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا. بەپێی ئاماری سەرپەرشتیارانی رێوڕەسمەکە، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشدارییان لە بەڕێکردنی تەرمەکەدا کردووە و دروشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلیان بەرزکردووەتەوە.
لەگەڵ گەیشتنی تەرمەکە، هەزاران دەست بۆ ئاسمان بەرزبوونەوە و دەنگی "لەبەیەک یا حوسێن" سەرتاسەری ناوچەکەی گرتەوە. بەهۆی قەرەباڵخیی لێشاوە ملیۆنییەکەوە، دەرهێنانی تەرمەکە لە ئۆتۆمبێلەکە و گواستنەوەی بۆ ناو حەرەم زۆر بە زەحمەت بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی نوێژ لەسەر تەرمەکە لە مەزارگەی ئیمام حوسێن کرا، بەرەو "حەرەمەین" (نێوان هەردوو مەزارگەی ئیمام حوسێن و ئیمام عەباسی برای) بەڕێکرا، کە لەوێش دۆخەکە هەر بەو شێوەیە پڕ لە قەرەباڵخی بوو.
پەیامی دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل زیارەتکاران لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتبوون و پەیامی زۆربەیان "مەرگ بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا" بوو. ئینسییە سادات، زیارەتکارێکی ئێرانییە و بە رووداوی گوت: "ئەمریکا شەیتانێکی گەورەیە و ئیسرائیلیش هەر کۆیلەی ئەمریکایە. دەبێت جیهان بزانێت؛ ئیمام حوسێن و ئایەتوڵڵا خامنەیی لەسەر حەقن، بەڵام یەزیدی ئەم سەردەمە ترهەمپ و نەتەنیاهوون."
مەهدی عەبد حەسەن، زیارەتکارێکی عێراقییە کە لە نەجەفەوە هاتووە و بەرووداوی راگەیاند: "سێ رۆژە لێرەم، نەخۆشیی شەکرە و فشاری خوێنم هەیە و خۆم گرتووە. سەید خامنەیی لای هەموو عێراقییەکان خۆشەویستە. ئێمە و ئێرانییەکان برای یەکین و یەک مەزهەبین، شیعەی عەلی هەر سەردەکەوێت."
هەدیسە زەینەلی، کچە زیارەتکارێکی دیکەی ئێرانییە و بە شانازییەوە باسی لە بەشداریکردنی کرد: "ئەوەی تەرمەکەمان لەسەر شانان بەرزکردەوە جێگەی شانازییە. ئێمە بەرهەنگاری زۆردارانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل دەبینەوە."
لە لوبنانەوە بۆ کەربەلا حەسەن مەلاح، کە لە لوبنانەوە بۆ مەراسیمەکە هاتووە، باسی لە دۆخی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ئێمە لە ناو کاولکاری و تەرمی شەهید و بریندارانی لوبنانەوە هاتووین، تاوەکو دووپاتی بکەینەوە کە ئەم رێپێوانە بەردەوام دەبێت تاوەکو دەرکەوتنی ئیمام مەهدی."
ئەم رێوڕەسمە یەکێک بوو لە گەورەترین کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە شاری کەربەلا، کە تێیدا رەهەندی ئایینی و سیاسی بە تەواوی تێکەڵ بوبوون.


