رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی دیاریکرد.
بەگوێرەی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاڵپشت بە رەزامەندی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە فەرمانی دیوانی ژمارە 26362، د. جەبار حەردان سەلمان، بۆ سەرۆکی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری راسپێردراوە، بڕیارەکەش کە رۆژی پێنجشەممە 9ی مانگ واژۆی لەسەر کراوە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێ.
پێشتر باسم بەدری، سەرۆکی دەستەی لێپرسینراوە و دادپەوەری بوو، بەڵام لەلایەن عەلی زەیدییەوە کرایە راوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق.
دەستەی نیشتمانیی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری، یەکێکە لە دامەزراوە گرنگ و هەستیارەکانی عێراق، ئەم دەستەیە جێگرەوەی "دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس"ە، کە دوای ساڵی 2003 دامەزرا.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، پۆڵ بریمەر (فەرمانڕەوای مەدەنی ئەمریکا لە عێراق) بڕیاری ژمارە (1)ی دەرکرد بۆ ریشەکێشکردنی حیزبی بەعس. دواتر لە ساڵی 2008دا،پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە (10)ی دەرکرد کە ناوی دەستەکەی گۆڕی بۆ "دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری" و ئامانجەکەی گۆڕی بۆ کارێکی یاسایی و دەستووری لە بری بڕیارێکی سەربازی.
ئەم دەستەیە بۆ چەند مەبەستێکی دیاریکراو دامەزراوە، لەوانەش:
رێگری لە گەڕانەوەی حیزبی بەعس (بۆ ناو دەسەڵات، سوپا، و دەزگە ئەمنییەکان) بە هەر ناو و شێوازێک بێت.
دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی پلەی بەرزیان هەبووە لە حیزبی بەعس (ئەندامی فیرقە و بەرەو سەر) لە پۆستە هەستیارەکانی دەوڵەت.
لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە تاوانیان دژ بە گەلی عێراق کردووە لە سەردەمی رژێمی پێشوو.
جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی تەنیا ئەندامی ئاسایی بوون و تاوانیان نەکردووە، بۆ ئەوەی مافی خانەنشینییان پێ بدرێت و تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە.
دەستەکە لە 7 ئەندام پێکدێت (بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی یان بەرزتر). ئەم ئەندامانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز دەکرێن و دەبێت پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پەسندیان بکات. دەبێت نوێنەرایەتی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقی تێدا بێت.
ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکان:
پشکنینی ناوەکان، پێش هەر هەڵبژاردنێک یان دامەزراندنی کەسێک لە پۆستێکی باڵا (وەزیر، بریکار، پلە تایبەتەکان)، دەبێت دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری رەزامەندی بدات کە ئەو کەسە ناوی لە لیستی قەدەخەکراواندا نییە.
پاراستنی بەڵگەنامەکانی حیزبی بەعس و تاوانەکانی ئەو سەردەمە.
دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی سەرکردەکانی رژێمی پێشوو.



