رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە تەواوی خاکی عێراق دا، بەرپرسیارێتیی یەکەمی حکومەتی بەغدایە، بەتایبەتی لەم قۆناخەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان دەست بە کشانەوە دەکەن.
ئەم لێدوانەی ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بە فەرمی لە عێراق بکشێنەوە.
ئەم هەنگاوە نیگەرانیی لەنێو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە؛ ئەوان دەترسن ئەم کشانەوەیە ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و گەڕانەوەی گرووپە تووندڕۆکانی وەک داعش، هەروەها نەمانی سیستمی بەرگری لە بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکاندا.
دوژاریک لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەم مەترسییانە گوتی، "بڕیاری کشاندنەوەی سەربازانی ئەمریکا بڕیارێکی سەروەرانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە. ئێمە ئاگادارین لەمبارەیەوە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە."
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، ناکرێ چیدیکە ئەرکی پاراستنی هاووڵاتییان تەنیا لە ئەستۆی هێزە نێودەوڵەتییەکان بێت، بەڵکو حکومەتی عێراق وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە، ئەرکی سەرەکیی خۆیەتی سەلامەتیی هەموو هاووڵاتییانی لە تەواوی خاکەکەیدا دەستەبەر بکات.


