رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە دەروازەی سنووریی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە و فەرمانی کرد رێکارەکان تووند بکرێن و رێگە بە چوونی هیچ کەسێکی رێپێنەدراو بۆ نێو دەروازەکە نەدرێت. شەوی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، فەریق عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە مەبەستی چاودێریکردنی پرۆسەی فراوانکردنی دەروازەکە و ئاستی پابەندبوونی کارمەندان بە رێکارە یاسایی و گومرگییەکان، گەیشتە شەلامچە و رایگەیاند: "یاسا دەبێت بەسەر هەموواندا و بێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت، چونکە شکۆی دەوڵەت لە خاڵە سنوورییەکانەوە دەستپێدەکات." عومەر وائیلی هۆشداریی دایە سەرجەم فەرمانگە کارگێڕی و ئەمنییەکانی دەروازەکە کە کۆنترۆڵی تەواوی دەروازەکانی هاتن و چوون بکەن و گوتی: "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت کەسانی رێپێنەدراو بچنە نێو حەرەمی دەروازەکە. دەبێت هاوسەنگی لەنێوان تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکان، ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و رێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا هەبێت تاوەکو داهاتی گشتی پارێزراو بێت." دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە، یەکێک لە سەرەکیترین و قەرەباڵخترین دەروازەکانی نێوان عێراق و ئێرانە، کە رۆژانە هەزاران گەشتیار و سەدان بارهەڵگری بازرگانیی پێیدا تێپەڕ دەبن؛ هاوکات لە کاتی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیشدا لە ناوچەکە، کەوتبووە بەر چەندین هێرش.