رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی لەسەر گەندەڵی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دۆسیەکەی رەوانەی دەستەی دەسپاکی کرد.
دوورخستنەوەی حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پۆستەکەی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق بوو، کە یەکێک لە بڕگەکانی سەبارەت بوو بە لێپرسینەوە لەو بەرپرسە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە چوار دۆسیەی گەندەڵی لەسەر حەیدەر مەکییە هەبوو، بەڵام خۆی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوو، ئەو دۆسیانەی گەندەڵی کە ئاراستەی کراون، (گۆڕینی رەگەزی زەوی وەبەرهێنان، فرۆشتنەوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و درێژکردنەوەی مۆڵەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە 10 ساڵەوە بۆ 15 ساڵ) بوون."
لە 22ـی کانوونی دووەمی 2023ـەوە حەیدەر مەکییە بە فەرمی وەک سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق دەستبەکار ببوو.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، پەرلەمان بڕیاری دا کە ئەو دۆسیانەی گەندەڵی کە لەسەر سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بوو، رەوانەی دەستەی دەسپاکی بکرێت بۆ ئەوەی رێوشوێن لەبارەیانەوە بگرێتەبەر.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی بەشى دووەمى دانیشتنەکەى کرد و فەرمانى بە لیژنەى وەبەرهێنان کرد خشتەیەک دابنێن بۆ میوانداریکردنى سەرۆکى دەستەى وەبەهێنانى سەرجەم پارێزگاکان.
