رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی عێراق، لە پارێزگای دیالە دەستیان بەسەر دۆسیەی دزینی بڕێکی زۆر لە کەرەستەی کارەبادا گرتووە، کە بەهاکەی زیاتر لە 2 ملیار دینارە، لەسەر ئەو دۆسیەیەش چوار فەرمانبەر دەستگیرکراون.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە لە دەستەی دەستپاکی، رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند، تیمێکی تایبەتیان رەوانەی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبای دیالە کردووە. دوای وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی کۆگا بۆ ساڵانی (2022-2025) و بەراوردکردنیان بە سیستمی کۆمپیوتەری کۆگاکان، دەرکەوتووە دوو پسوولەی کەرەستەکان نەهێنراون بۆ کۆگای کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن کەسی رێپێدراوەوە وەرگیراون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکیی عێراق، بەهۆی دزینی ئەو کەرەستە کارەباییانە چوار فەرمانبەر دەستگیرکراون. بەهای ئەو کەرەستە دزراوانەش دەگاتە 2 ملیار و ملیۆنێک و 494 هەزار دینار.
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی وردبینیکردنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیاکە لە دیالە ئەنجامدراوە. دوای تەواوبوونی رێکارەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و تۆمەتبارەکان لەگەڵ بەڵگەکان رەوانەی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی شارەبان کراون، بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.


.jpg&w=3840&q=75)
