رووداو دیجیتاڵ
دەستەی پێداچوونەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، تانەی پارێزەری عەجاجی رەتکردووەتەوە لە دژی بڕیاری لەسێدارەدانی. لەبارەی پەسندکردنی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکان بۆ لەسێدارەدانی ئەو تۆمەتبارە سەرەکییەی ئەنفال دەڵێت: "ئەو بەڵگانەی کە هەبوون بڕواپێهێنەر بوون بۆ تاوانبارکردنی عەجاج سەبارەت بەو تاوانانەی ئاراستەی کراون، ئەو سزایەشی کە دراوە سزایەکی دادپەروەرانەیە."
رووداو دەقی بڕیاری دەستەی پێداچوونەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقی دەستکەوتووە بۆ پەسندکردنی سزای لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی، یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکیی ئەنفال و شەهیدکردنی ئەنفالکراوانی کورد لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان لە پارێزگای موسەنا.
بڕیارەکە لە 23ـی حوزەیرانی 2026 لەلایەن ئەو دەستەیەوە دەرکراوە بۆ پەسندکردنی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە 14ـی ئایاری 2026.

لە بڕیارەکەی دەستەی پێداچوونەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقدا هاتووە، لە دوای وردبینی دەرکەوتووە لە ساڵی 1988 ئەو کاتەی تۆمەتبارەکە ئەفسەری ئەمن و بەرپرسی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بووە، لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە رۆڵیان هەبووە لە کردنی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەو گرتووخانەیەدا، کە بەشێکیان ئەو کوردانە بوون کە لە هەڵمەتی ئەنفال رزگاریان ببوو، هەروەها تۆمەتبارەکەش (عەجاج) بە روونی دانی بەو تاوانانەدا ناوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو بەڵگانەی لەسەری هەبوون بریتی بوون لە: گوتەی سکاڵاکاران، کۆنووسی بەڵگەی تاوان، بەڵگەنامەکانی دامەزراوەی شەهیدان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی فەرمانە کارگێڕییەکان سەبارەت بە عەجاج، بۆیە تانەی دژی بڕیارەکە رەتکراوەتەوە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی عەجاج بە رووداوی راگەیاند: "پارێزەری عەجاج لە دادگەی تەمییز تانەی لە بڕیارەکەی دادگەی باڵای تاوانەکان دابوو، بەوەش ئەو تانەیە رەتکرایەوە و بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرت."
دەستەی پێداچوونەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە بڕیارەکەیدا دەڵێت: "ئەو بەڵگانەی کە هەبوون بڕواپێهێنەر بوون بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبار لەبارەی ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون، ئەو سزایەشی کە دراوە سزایەکی دادپەروەرانەیە کە شایستەی قێزەونیی تاوانەکانیەتی وەک کوشتن، دەستدرێژی و ئەشکەنجەدانی نامرۆڤانە کە تۆمەتبارەکە کردوونی."
ئەیاد کاکەیی رایگەیاند: "لە دوای پەسندکردنی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکان لەلایەن دەستەی پێداچوونەوەوە، دۆسیەکە لە وەزارەتی دادەوە دەنێردرێت بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ ئەوەی مەرسوومی کۆماری بۆ دەربچێت، لە دوای دەرچوونی مەرسوومەکەش بەگوێرەی یاسا دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا وەزارەتی داد سزای لەسێدارەدانەکە بەسەر عەجاجدا جێبەجێ بکات."
رۆژی 31ـی تەممووزی 2025، دەستگیرکردنی عەجاج راگەیێندرا و رۆژی 5ـی ئایاری 2026 یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەچوو.

پارێزەری دۆسیەی عەجاج رایگەیاند: "هەرچەندە سەرۆککۆمار دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری لێبووردن یان کەمکردنەوەی سزای هەیە، بەڵام بەگوێرەی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقی ساڵی 2005، ئەو تاوانانەی پەیوەندیدارن بە دەسەڵاتی پێشووی عێراق، لێبووردن نایانگرێتەوە."


.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)