رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی نەینەوا و سەلاحەدین بانگهێشت بکات، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەوە کە نزیکەی دوو هەفتەیە دروست بووە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 8ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و سەلاحەدین و فەرماندەی پۆلیسی هەردوو پارێزگاکە، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بازگەکان بەرامبەر چەند پەرلەمانتارێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێ."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، چەند پەرلەمانتارێک لە کاتی گەڕانەوەیان لە موسڵەوە بەرەو بەغدا، لە بازگەکان رێگرییان لێکراوە و پشکنینیان بۆ کراوە. مازن غەریب دەڵێت: "ئەمە سووکایەتییە بە پێگەی پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسایی و بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێ."
ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، چەند پەرلەمانتار و بریکاری وەزیر و بەرپرسێک دەستگیرکران. مازن غەریب ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا لە بازگەکان بە چاوێکی دیکە سەیری پەرلەمانتاران دەکرێ.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی: "لە هەندێک بازگەی موسڵ و سەلاحەدین، پێشی پەرلەمانتاران گیراوە و قسەی نابەجێیان پێ گوتراوە. ئەو کەسانەیشی سووکایەتییان پێ کراوە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بوون، بۆیە بە کۆی دەنگ بڕیارمان دا ئەو فەرماندە باڵایانە بانگهێشت بکەین."
مازن غەریب گوتی، پەرلەمانتار پارێزبەندی هەیە و نابێت بپشکندرێ؛گوتیشی: "رۆژی دووشەممەی 13 تەمموز ئەو بەرپرسانە لە پەرلەمان دەبن و پرسیاریان لێ دەکرێ."

