رووداو - دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان لە شاری کەربەلا بۆ پێشوازی لە تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران گەیشتووەتە لووتکە و شارەکە بەرگی ماتەمینی پۆشیوە. زیارەتکاران لە ئێران، شارە جیاوازەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ ئەم مەراسیمە روویان لە کەربەلا کردووە و دروشمی یەکێتیی نێوان گەلانی عێراق و ئێران بەرز دەکرێتەوە.
لە نێو شارەکەدا، دیمەنی تێکەڵبوونی دەستی زیارەتکاران ئێرانی و عێراقی دەبینرێت کە پێکەوە دروشمی (ئێران و عێراق لێکدانەبڕاون) دەڵێنەوە. داود خەباز، کە زیارەیارەتکارێکی خەڵکی شاری مەشهەدی ئێرانە، سەبارەت بەم یەکگرتووییە بە رووداوی گوت: "ئێران و عێراق یەک گەلن. ئینشەڵڵا ئیسرائیل نامێنێت و عێراق سەردەکەوێت. ئایەتوڵڵا سیستانی و ئایەتوڵڵا خامنەیی یەکن و بە بەرەکەتی ئیمام حوسێن و ئەبولفەزل عەباس، سڵاو بۆ هەموو ئیمانداران دەنێرین."
هەر لەنێو قەرەباڵخییەکەدا، عەلی حوسێن کە لە شاری ناسرییەوە هاتووە، جەخت لەسەر ئامادەیی هەموو پێکهاتەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ هاتووین بۆ پێشکەشکردنی پرسە بەبۆنەی چلەی ماتەمینی و پێشوازیکردن لە تەرمی سەید خامنەیی. ئێمە هەموومان، چ کورد، چ عەرەب و چ ئێرانی، لێرە پێکەوەین. خودا زیارەتکاران و ئێوەش بپارێزێت."
هۆتێلەکان جێیان نەماوە و 400 کەژاوە ئامادەن بەهۆی لێشاوی زۆری زیارەتکارانەوە، کەرتی گەشتیاری و خزمەتگوزاری لە کەربەلا کەوتووەتە ئامادەییەوە. لە شارەکەدا زیاتر لە 690 هۆتێل و میوانخانە هەن، کە بەپێی زانیارییەکان سەرجەمیان بەتەواوی پڕبوونەتەوە.
هاوکات بۆ دابینکردنی پێداویستیی زیارەتکاران، زیاتر لە 400 کەژاوە لە سەرتاسەری کەربەلا ئامادەکراون، کە بڕیارە خواردن و خواردنەوە بە شێوەی بێبەرامبەر بەسەر ئەو ملیۆنان کەسەدا دابەش بکەن کە بۆ مەراسیمەکە هاتوون.
چاوەڕوانیی ملیۆنی بۆ گەیشتنی تەرمەکە هەموو رێکارە ئایینی و کارگێڕییەکان بۆ پێشوازی لە تەرمەکە کۆتاییان هاتووە. عەلی موحان، سەرۆکی بەشی کاروباری ئایینی لە عەتەبەی عەباسی لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە گوتی: "لە رۆژانی ئاسایی و شەوانی هەینیدا نزیکەی یەک ملیۆن زیارەتکاران دێن، بەڵام بۆ ئەم مەراسیمە چاوەڕێی ملیۆنان ئیماندار دەکەین. ئەمە لە ئێستاوە دیارە چونکە هەموو شوێنەکان پڕ بوون، ئەمە دۆخێکی ئاسایی نییە؛ خەڵک لە دوێنێ شەوەوە خۆیان ئامادە کردووە و هەمووان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی مەراسیمەکەن."
وادەی گەیشتنی تەرمەکە بەپێی بەرنامەی دارێژراو، چوارشەممە کاژێری 04:00ـی پاشنیوەڕۆ تەرمی عەلی خامنەیی بگاتە شاری کەربەلا و رێورەسمەکە و نوێژی لەسەر بکرێت. سەرپەرشتیارانی رێوڕەسمەکە پێشبینی دەکەن ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی گەیشتنی تەرمەکەدا ئامادە دەبن، یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.

