رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە رەخنە لە کارەکانی عەباس زاملی، پارێزگاری پارێزگاکە دەگرێ و بە هەدەردانی بودجەیەکی زۆر تۆمەتباری دەکات.
جەعفەر سادق مووسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2024دا بڕی دوو ملیار و 877 ملیۆن و 570 هەزار دینار لەلایەن نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەوە بۆ خەرجییەکانی چلەمی ئیمام حوسێن تەرخانکرا، بەڵام "سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی گەورە لە خەرجکردنیدا کراوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، دوای پێکهێنانی لیژنەیەکی وردبینی، چەندین گەندەڵی ئاشکرا بوون، لەوانە:
- کڕینی بگۆڕی کارەبا: بە 750 ملیۆن دینار بگۆڕی کارەبا کڕدراون، بێ ئەوەی لەسەر رێگەی زیارەتکاران جێگیر بکرێن.
- تانکی ئاو و رووناکی: 300 تانکی ئاو کڕدراون، بەڵام لەبری کەژاوەی حوسێنییەکان، دراونەتە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دیوانیە.
- گوایە هەزار لیدی رووناکی (LED) کڕدراون کە چارەنووسیان ناڕوونە.
- تەنەکەی زبڵ و خاشاک: گوایە 15 هەزار تەنەکەی زبڵ و خاشاک کڕدراون بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی خاشاکی زیارەتکاران بەڵام بۆ مەبەستی دیاریکراوی خۆیان بەکارنەهێندراون.
- چەو و لم: دوای تەواوبوونی زیارەتەکە، 30 هەزار مەتر سێجا چەو و لم کڕدراوە، کە 15 هەزار مەتری چارەنووسی دیار نییە و زیانی 225 ملیۆن دیناری لە بودجەکە داوە.
جەعفەر سادق موسەوی ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو خەرجییەکاندا "پسوولەی دووبارە" زۆرە، ئەمەش گومانی گەورەی لەسەر شێوازی خەرجکردنی پارەکە دروست کردووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە پێشتریش چەندین دانیشتنی بۆ لێپرسینەوە لە عەباس زاملی، پارێزگاری دیوانییە ئەنجامدابوو و دۆسیەکەی رەوانەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کردووە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگرنەبەر.



