رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا بە دەستنیشانکردنی نەزاکەت حوسێن وەک بەربژێری جێگرەوە بۆ شوێنی ئەشواق جاف لە پەرلەمانی عێراق؛ ئەشواق جافیش رایدەگەیێنێت کە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ئەرکی باڵیۆزی وەرگرتووە.
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران (ژمارە 2 بۆ ساڵی 2026) کە رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، نەزاکەت حوسێن حەمە سەعید محەممەد، بەربژێری لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، وەک جێگرەوەی ئەشواق نەجمەدین جاف دیاریکراوە.
نەزاکەت حوسێن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا لە بازنەی سلێمانی، دوو هەزار و 168 دەنگی لەسەر لیستی پارتی بەدەستهێنابوو، بەپێی یاساش دەبێتە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆن دوای وردبینیی یاسایی و لەسەر داوای ئەمینداریەتیی گشتیی پەرلەمانی عێراق دراوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر نەزاكەت حسێن، مامۆستای زانكۆیە و ئەندامی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
ئەشواق جاف دەبێتە باڵیۆز
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوول بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، چوومە ناو کاری دیپلۆماسی و ئەرکی باڵیۆزی کۆماری عێراقم وەرگرت."
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە کرد، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکەی، دەستی لە ئەندامێتیی پەرلەمان کێشاوەتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکانیشی لە ناو پەرلەمان کۆتایی پێهێناوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە، کۆچی دوایی یان وەرگرتنی پۆستێکی دیکە کورسییەکەی چۆڵ بکات، ئەوا دەبێت ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگی لە ناو هەمان لیست و بازنەی هەڵبژاردندا بەدەستهێناوە، شوێنەکەی بگرێتەوە. نەزاکەت حوسێن، کە پێشتریش ئەزموونی کاری سیاسی و پەرلەمانیی هەبووە، بەوپێیەی خاوەنی بەرزترین دەنگی دوای ئەشواق جاف بووە لە لیستی پارتی لە سلێمانی، دەبێتە نوێنەری نوێی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق.

