رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێ، لە مانگی ئابدا 84 بوومەلەرزە تۆمارکراون، نزیکەی نیوەیان چەقەکەیان لە نێوخۆدا بووە، کە سەرجەمیان لە باشووری کوردستان بووە. زیاتر لە نیوەی بوومەلەرزەکان لە سنووری کەرکووک تۆمار کراون.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راپۆرتی مانگی ئابی تایبەت بە بوومەلەرزەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو مانگەدا 84 بوومەلەرزە تۆمارکراون کە 41یان سەرچاوەکەیان لە باشووری کوردستان بووە و 25 پارێزگای کەرکووک، 9 پارێزگای سلێمانی (کەلار، چەمچەمال و پێنجوێن)، 6 خانەقین لە پارێزگای دیالە و 1 پارێزگای هەولێر (کۆیە).
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، 43 بوومەلەرزەکەی دیکە لە دەروەی سنووری عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە. گوڕەکەیان (1-4.7) پلەی رێختەر بووە و قوڵاییەکانیان (7-38) کیلۆمەتر بوو.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات لە ماوەی چوار رۆژ لەسەر یەک لە 30 تەممووز تاوەکو 2ی ئاب، 46 بوومەلەرزە لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووک روویانداوە.
