رووداو - دیجیتاڵ
هەزاران لایەنگری موقتەدا سەدر لە بەغدا و نەجەف رژانە سەر شەقام و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" راگەیاند؛ ئەوان دەڵێن هیچ هێڵێکی سوور بۆ دەستگیرکردنی "حوتەکانی گەندەڵی" نەماوە و دەبێت سامانی دزراوی 20 ساڵی رابردوو بگەڕێندرێتەوە.
بە ئاڵای عێراق و دروشمی "لەبەیەک یا حوسێن"، جەماوەری موقتەدا سەدر رژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و نەجەف. ئەم جووڵە جەماوەرییە وەک ئاماژەیەکی روون بۆ پاڵپشتیکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی دەبینرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتر رێبەری رەوتی سەدر مۆڵەتی 90 رۆژی دابووە حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.
شێخ سەڵاح عوبەیدی، نوێنەری موقتەدا سەدر لە بەغدا، لە نێو خۆپیشاندەرانەوە رایگەیاند: "موقتەدا سەدر بڕیاریدا ئەم هەڵوێستەمان بۆ پاڵپشتیی رێکارەکانی دژە گەندەڵی بێت، تاوەکو هەنگاوی دیکەی بەدوادا بێت. ئێستا دەبینین هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بە دەم ئەم بانگەوازەیەوە هاتوون و تەنیا لایەنگرانی سەدر نین."
حاکم زاملی، جێگری پێشووتری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێی وایە ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ حکومەت و دەڵێت: "ئەمە پاڵپشتییەکی گەورە و بێسنوورە بۆ حکومەتی عەلی زەیدی، پێویستە سوود لەم پاڵپشتییە جەماوەرییە ببینن کە بە نوێنەرایەتیی سەید موقتەدا سەدر دەکرێت. دەبێت حکومەت بەردەوام بێت لە هەڵمەتەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی گەلی عێراق کە 20 ساڵە دەدزرێت."
لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بۆ شەقام رۆژی هەینی، تەنیا شەقامەکان نەبوون، بەڵکو زۆربەی مینبەری مزگەوت و حوسێنییەکانی بەغدا بوونە سەکۆی هاوئاهەنگی بۆ بەردەوامیی هەڵمەتی "بەرەبەیان". ئێستا دەنگی دژە گەندەڵی لە هەموو کاتێک بەرزترە؛ باسەکە تەنیا لە نێو تەکسی و چایخانەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو ناوەندە ئایینییەکانیش.
عەبدولستار عەبدولجەبار، گوتاربێژی مزگەوتی ئەبو حەنیفە لە بەغدا، لە وتارەکەیدا داوای توندکردنی رێکارەکانی کرد و گوتی: "داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین چەندین هەڵمەتی دیکە بکات بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی بە تەواوەتی، بە هەموو سەرۆک و حوتەکانییەوە. هەروەها پێویستە دادگایەکی دادپەروەر و ئاشکرا بۆ هەمووان دابین بکرێت."
ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک، چاوەکان لەسەر حکومەتەکەی عەلی زەیدییە. شەقام چاوەڕێی ئەوەیە دەسەڵاتی یاسا بگاتە ئەو "حوتە گەورانەی" کە ساڵانێکە دەستیان بەسەر نەوت و دینار و دۆلاری وڵاتدا گرتووە، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی عێراق.



