رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکراکردنی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی لە پارێزگاکانی بابل و بەغدا راگەیاند، کە خاوەندارێتیی زیاتر لە 170 موڵک و خانووبەرەیان بە بەهای دەیان ملیار دینار شاردووەتەوە. سەرۆکی تۆڕەکە بەڕێوەبەری تاپۆیە و بەشێک لە بەڵگەنامەکانی تاوانەکەش لەنێو رووباری حللە و نێو پووش و پەڵاش دەرهێنراون.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەشی لەگەڵ (شانەی هەواڵگریی سقوڕ) لە پارێزگای بابل ئاشکرا کرد، کە لە ئەنجامدا دەستگیرکردنی نۆ تۆمەتباری بە تۆمەتی کڕین و شاردنەوەی خاوەندارێتیی دەیان موڵکی دەوڵەت و هاووڵاتییانی لێکەوتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستپاکی، سەرۆکی تۆڕە 9 کەسییەکە پۆستی بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی (تاپۆ) ناحیەی ئەبی غەرق لە پارێزگای بابل بەڕێوەدەبات و پێشتریش پۆستی بەڕێوەبەری تاپۆی مەنسوور لە بەغدا و بەڕێوەبەری تاپۆی بابلی بەدەستەوە بووە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەم تۆڕە زیاتر لە 170 موڵک و خانووبەرەیان لە هەردوو پارێزگای بەغدا و بابل کڕیوە، کە بەهای سەرجەمیان بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێندرێت و زەوی و زاری دەوڵەت و زەویی کشتوکاڵیشیان لەنێودایە.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، تۆمەتباران بۆ ئەوەی رێگری لە ئاشکرابوونی سەرچاوەی سەروەت و سامانی نایاساییان بکەن، سەرجەم موڵکەکانیان بە ناوی کەسوکار، نزیکەکانیان و هاوڕێکانیانەوە تاپۆ کردووە تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی خاوەندارێتیی راستەقینەیان ون بکەن.
هەروەها لە کاتی وەرگرتنی گوتەی شایەتحاڵەکاندا دەرکەوتووە، جگە لەو 170 خانووبەرەیە، سەرۆکی تۆڕەکە (بەڕێوەبەری تاپۆ) خاوەنی دوو باڵەخانەی بازرگانیی گەورەیە لە سەنتەری شاری حللە.
لە بەشێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاش ئەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە بابل فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباران دەرکردووە، تۆڕەکە هەوڵی لەناوبردنی تەواوی بەڵگەنامە و دۆسیە سەرەکییەکانی کڕین و فرۆشتنیان داوە. دەستەی دەستپاکی دەڵێت، "بەشێک لە بەڵگەنامە و دۆسیەکان لەنێو جانتایەکدا لەنێو پووش و پەڵاش و زێرابدا شاردرابوونەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە. بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان لە کەناری رووباری حللە فڕێدرابوونە نێو ئاوەکە تاوەکو لەناو بچن، بەڵام تیمەکانی دەستپاکی و هەواڵگری گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە لەنێو ئاوەکە بەڵگەکان دەربهێننەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان و بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی دادوەر کراون، و لێکۆڵینەوەکان بەپێی مادەی 19 لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی بەردەوام دەبن تاوەکو تەواوی سامانە نایاسایییەکانیان دەستی بەسەردا بگیرێت.



