رووداو دیجیتاڵ رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای لە لایەنگرانی کرد پشتیوانی لە هەڵمەتی چاکسازییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن و رایگەیاند، ئەو هەڵمەتە بووەتە هۆی "ترس و دڵەڕاوکێی گەندەڵکاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات". لە گوتارێک دا کە لەلایەن شێخ حوسێن محەممداوی لە نوێژی هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، لە بەغدا خوێندرایەوە، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە رایگەیاند: "ئێمە هەمیشە داواکاری چاکسازی بووین و هیچ شتێک لەگەڵ گەندەڵکاران کۆمان ناکاتەوە، تەنانەت لە خۆشەویستیی حوسێنیش دا." سەدر داوای "وەستانێکی ئاشتییانە"ـی بۆ پشتیوانیکردن لە عەلی فالح زەیدی کرد و بە "سەربازی چاکسازی" ناوی برد و گوتی: "دەبێت پشتیوانی بین بۆ ئەوەی شکۆی بەهێزتر بێت و رێگری بکەین لەو گەندەڵکارانەی دەیانەوێت گوشار بخەنە سەری و لەو هەڵمەتە بوێرانەی پاشەکشەی پێ بکەن، کە زۆر کەسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ترساندووە." رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە سوپاسی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکانی کرد، کە هاوکاریی سەرۆکوەزیرانیان کردووە. هاوکات گەندەڵکارانی بە بەرپرسیاری یەکەم زانی لە پاراستنی گیانی زەیدی و هەموو ئەو چاکسازیخوازانەی دەیانەوێت شکۆ بۆ نیشتمان و ئایین و مەزهەب بگێڕنەوە. بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" کرد. لە (هەڵمەتی بەرەبەیان) دا، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیر کراون، کە 13ـیان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و یەکێکیشیان پەرلەمانتاری خولی رابردووە. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لە نێو دەستگیرکراوەکاندان. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە و هەروەها ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستی کەوتوون، تەنیا لە نێو ماڵی پێنج تۆمەتبار دا دەست بەسەر زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دینار دا گیراوە. سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراقیش بە رووداوی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دەست بەسەر 200 ملیار دینار و 100 کیلۆ زێڕی تۆمەتبارەکان دا گیراوە.