رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لەسەر دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار سکاڵایان لەسەر سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق تۆمارکردووە.
سعوود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق، کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە، رۆژی دووشەممە، 12-ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەسەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فالح ساری، وەزیری دارایی؛ نزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی تۆمارکرد، ئەوەش لە بەرامبەر دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.
سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق باسی لەوەش کرد، کۆمەڵێک پاساوی دەستوورییان بۆ رەتکردنەوەی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار هێناوەتەوە، لەوانە بەگوێرەی مادەی 103ی دەستوور، بانکی ناوەندیی عێراق لەبەردەم پەرلەمانی عێراق بەرپرسە، نەوەک لەبەردەم حکومەت و ئەرکی بانکی ناوەندییە بەهای دینار دیاری بکات، نەوەک حکومەت؛ هەروەها بەگوێرەی مادەی 110ی دەستوور، حکومەت مافی هەیە سیاسەتی دراو دابڕێژێ، نەوەک ئەوەی بەهای دینار دیاری بکات.
سعوود ساعدی گوتیشی، مادەی 47ی دەستوور جەخت لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکاتەوە، نەوەک ئەوەی دەسەڵاتێک رۆڵی دەسەڵاتەکانی دیکە دیاری بکات یان دەسەڵاتی لەسەر حیسابی دەسەڵاتەکانی دیکە زیاتر بکات . هاوکات مادەی 30ی دەستوور دەڵێت، پێویستە دەوڵەت ژیانێکی خۆش بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، بەڵام بڕیارەکەی حکومەت بە رێژەی 15% زیانی بە توانای کڕینی هاووڵاتییان و فەرمانبەران گەیاندووە و باری سەرشانی قورس کردوون.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا بەهای ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێ و بەهای فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاری بکات و لە 7ی مانگەوە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرا.
بەها نوێیەکان بەمشێوەیەن:
کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
پێشتر بەهاکان بەمشێوەیە بوون:
کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1310 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.


