رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێک بەسەر دەستکاریکردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری
ئەمریکی تێپەڕیوە، بەڵام کاریگەرییەکانی لە بازاڕەکاندا گەورە و بەرچاون. نرخی خۆراک
بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانیش داوای کەمکردنەوەی
باج و گومرگ دەکەن.
لە بازاڕەکاندا، گرانبوونەکە نیگەرانیی لای فرۆشیاران و کڕیاران دروستکردووە.
حوسێن عەبدوڵڵا، خاوەن مارکێتێکە و دەڵێت، "نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان
بە رێژەی 10% بۆ 20% بەرزبووەتەوە و کڕیار ئەمەی پێ قبووڵ ناکرێت. کارتۆنێکی هێلکە
بووەتە 90 هەزار دینار و دوو هێلکە بە هەزار دینارە، بۆیە کەس نایکڕێت. مریشکیش گران
بووە و ناتوانین هەموو شتێک بهێنین."
شڵەژانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان، یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی
عێراق و هەرێمی کوردستانی کۆکردەوە. دوای چوار کاژێر گفتوگۆ، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی
کە کەمکردنەوەی باج و گەڕانەوە بۆ پێناسی گومرگیی کۆن دەتوانێت چارەسەر بێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان
رایگەیاند، "پێشنیازمان کردووە پێناسی گومرگیی کۆن پەیڕەو بکرێتەوە بۆ ئەوەی کەمترین
کاریگەری لەسەر هاووڵاتی و بازرگان هەبێت. ئێستا بەپێی پێناسە نوێیەکە، بەشێک لە کاڵاکان
30%ی گومرگیان لەسەرە، بەڵام بەپێی پێناسەی ساڵی 2009، تەنیا 5% بوو."
سەرەڕای بوونی رێژەیەکی بەرزی بێکاری و هەژاری، شەپۆلی نوێی گرانی، توانای
کڕینی هاووڵاتییانی عێراقی زیاتر سنووردار کردووە. نرخی زۆربەی خۆراکە سەرەکییەکان
وەک هێلکە، برنج و رۆن، 500 بۆ 1000 دینار زیادی کردووە.
بۆ عێراقییەکان، دۆلار تەنیا دراوێکی بیانی نییە، بەڵکو دەستکاریکردنی
نرخەکەی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بچووکترین تاوەکو گەورەترین پێداویستییەکانی ژیانی
رۆژانەیان دادەنێت.


