رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوەی عێراق، ناسر غەنام، سەرۆکی پێشووی ئەکادیمیای سەربازی ئازاد کرا، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو.
مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی و پارێزەری ناسر غەنام، رۆژی پێنجشەممە، دووی تەممووزی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیاری ئازادکردنی ناسر غەنامی دەرکردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دادگەی سەربازیی عێراق، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندبوو.
مونیر حەداد لە راگەیێندراوەکەدا سوپاسی دادگەکە و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کردووە و رایگەیاندووە، "ئێمە متمانەی تەواومان بە دادپەروەری و دادوەرە باڵاکانی عێراق هەیە."
سزادانی فەریق ناسر غەنام دوای رووداوێک بوو کە لە 18ی ئایاری 2025 روویدا، کاتێک لە مەشق و راهێنانەکانی ئەکادیمیای سەربازی لە پارێزگای زیقار، دوو خوێندکاری کۆلێژی سەربازی بەهۆی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆر گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش دۆخی تەندروستییان تێکچوو. ئەو رووداوە لەوکاتەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە شەقامی عێراقی دا دروستکرد.
لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دادگەی سەربازی سزای زیندانیکردنی بۆ حەوت ئەفسەر و کارمەند دەرکرد، کە یەکێکیان فەریق ناسر غەنام بوو بە سیفەتی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەکادیمیای سەربازی، سزاکەش دوو ساڵ زیندانیکردن بوو.



