رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار ئاشکرا دەکات و دەڵێت شەش کەس لە سنووری پارێزگاکە دەستگیر کراون، چواریان پەرلەمانتارن. یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژانی رابردوو بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتی گەندەڵییان دراوەتە پاڵ لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "ئەم ئۆپەراسیۆنە تەواوی عێراقی گرتووەتەوە و لە کۆی دەستگیرکراوان، شەش کەسیان لە پارێزگای سەڵاحەدینن و لە ئاستی باڵا دان." داودی گوتی، "لەو شەش کەسە، چواریان ئەندامی پەرلەمانن و دووانیشیان پلەی دیکەیان هەیە. دەستگیرکردنەکان لە چەند شوێنێکی جیاواز بوون." یاسین داودی، ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆی 12 پەرلەمانتاری پارێزگاکەمان، چواریان دەستگیر کراون کە سێیانیان ئافرەتن و یەکێکیان سەرۆکی حیزبێکە." سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆری پارە دەکەن، یاسین داودی روونی کردەوە، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە ژمارەی جیاواز دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بڵاونەکراوەتەوە کە پشتڕاستی بکاتەوە دەستبەسەر چەند پارە دا گیراوە." یاسین داودی باسی لەوەش کرد، بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، پارەکان لە چەند شوێنێکی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە، لەوانە هەولێر و کێڵگەیەکی کشتوکاڵی لە گوندێکی سنووری قەزای بێجی و شاری تکریت. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجوومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە نییە. یاسین داودی روونیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە لەلایەن بەغداوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەدین هاوئاهەنگی دەکرێت، بەڵام هەموو دەستگیرکراوەکان لە سنووری سەڵاحەدین نەبوون و "دوو یان سێ لە پەرلەمانتارەکان لە شوێنی مانەوەی خۆیان لە بەغدا دەستگیرکراون."
عێراق02-07-2026لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق: پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستە نەوتییەکان و گەڕی مۆڵەتەکان دەکرێت