رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، نیازیان هەیە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ هەموو گرێبەستە نەوتییەکان و گەڕی مۆڵەتەکان بکەن؛ ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، هەندێک گرێبەست هەر لە سەرەتاوە بە گەندەڵی دەستیان پێ کردووە.
جاسم موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی رایگەیاند: "لیژنەکەمان ئاراستەیەکی هەیە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستە نەوتییەکان و گەڕەکانی مۆڵەت. ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە دۆسیە گرنگ و هەستیارەکان، کە پێویستی بە وردبینییەکی گشتگیر هەیە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە کاتی جێبەجێکردن دا دەرکەوتوون."
گەڕی مۆڵەتدان چییە؟
گەڕی مۆڵەتدان بریتییە لە زیادکردنی ئاشکرا و کێبڕکێیانە کە وەزارەتی نەوتی عێراق رێکیان دەخات بە مەبەستی بانگهێشتکردنی کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان (بیانی و نێوخۆیی) بۆ پێشکێشکردنی پێشنیازەکانیان، تاوەکو گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی یان گازییە دۆزراوەکان، یان گەڕان و پشکنین لە رووبەرە نەوتییە نوێیەکان بەدەست بهێنن.
جاسم موسەوی ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی وردەکاریی گرێبەستەکان و میکانیزمەکانی واژۆکردنیان و گوتی: "هەندێک لە گرێبەستەکان پێویستییان بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانی دا بگونجێنرێن، داهاتی دەوڵەت زیاد بکەن و رێگری لە هەر بەفیڕۆدانێکی سەرچاوە داراییەکان بگرن."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز باسی لەوەش کرد، کەرتی نەوتی عێراق نەک تەنیا لە سەردەمی سوودانی، بەڵکو لە ساڵانی رابردووشدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و گەندەڵی بووەتەوە. گوتیشی: "هەندێک لەو پاڵاوگانەی بە تەمویلی حکومەت دروست کراون ئامانجەکانیان نەپێکاوە، چونکە جێبەجێکردنیان دراوە بە کۆمپانیاگەلێک کە لێهاتوویی پێویستیان نەبووە."
جاسم موسەوی باسی لەوەش کرد، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی واژۆ کراون "سەرەتاکەیان بە گەندەڵی بووە کە لایەنی کەم 200 ملیۆن دینار بووە، بۆیە کۆتاییەکەشی لەوە خراپتر دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، گومان لەسەر کردنەوەی هەندێک کێڵگەی نەوتی نوێ لە سەڵاحەدین، کەرکووک و چەند پارێزگایەکی دیکە هەیە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆژەکان و کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەریان.
بە گوتەی جاسم موسەوی، پێداچوونەوەکە تەنیا مۆڵەتەکانی کێڵگە نەوتییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو پڕۆژەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان، پاڵاوتن و وەبەرهێنانی نەوتیش دەگرێتەوە، تاوەکو باشترین سوود لە سەرچاوە نەوتییەکان وەربگیرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی گەڕەکانی مۆڵەتەوە، لەگەڵ دەیان کۆمپانیای گەورەی جیهانی گرێبەستی هەیە؛ ئێستا کۆمپانیا چینییەکان پشکی شێریان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان دا بەرکەوتووە.
بەپێی دوایین نوێکارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە عێراق هەن:
چینییەکان
گەورەترین پشکیان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و گەڕانەکان دا هەیە.
کۆمپانیای "بێترۆچاینا" بەڕێوەبەری سەرەکیی کێڵگەکانی رۆژئاوای قورنە/1 و حەلفایەیە.
کۆمپانیای "CNOOC" لە مەیسان و کۆمپانیای "سینۆپێک"ـیش لە کێڵگەی گازی مەنسووریە کار دەکەن، جیا لە کۆمپانیاکانی دیکەی وەک "جین هۆا" کە لە رۆژهەڵاتی بەغدا جێگیرە.
کۆمپانیا گەورەکانی ئەورووپا
سەرەڕای کشانەوەی هەندێکیان، کۆمپانیای "BP"ـی بەریتانی گەورەترین کێڵگەی عێراق (رومەیلە) بەڕێوە دەبات. "تۆتال ئینێرجیز"ـی فەرەنسی پڕۆژەیەکی گەورەی گازی بە بەهای 27 ملیار دۆلار لەدەستە، کۆمپانیای "ئێنی"ـی ئیتاڵیش لە کێڵگەی زوبێر کار دەکات.
کۆمپانیا رووسییەکان
رووسەکان لە رێگەی "لوک ئۆیل"ـەوە لە کێڵگەکانی رۆژئاوای قورنە/2 و کێڵگەی ئەریدۆ ئامادەییان هەیە. هەروەها کۆمپانیای "گازپرۆم نەفت" لە کێڵگەی بەدرە و چەند ناوچەیەکی دیکە دا کار دەکات.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان
لە کەرتی بەرهەمهێنان دا، دوای کشانەوەی ئیکسۆن مۆبیل، ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کەم بووەتەوە، بەڵام "شیفرۆن" دەیەوێت بچێتە نێو کێڵگەکانی ناسریە.
هاوکات کۆمپانیاکانی وەک "هالیبێرتۆن"، "بیکەر هیوز" و "شڵەمبێرژێر" کارە تەکنیکییە گرنگەکان و هەڵکەندنی بیرەکان جێبەجێ دەکەن.
بە گشتی، لە نێوان 25 بۆ 35 کۆمپانیای گەورەی جیهانی وەک "بەڕێوەبەری سەرەکی" لە گەڕەکانی مۆڵەتی نەوتی عێراق دا بەشدارن، جیا لە دەیان کۆمپانیای بەڵێندەری لاوەکی و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی، کە گرێبەستی جێبەجێکردنیان لەگەڵ وەزارەت یان کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکان دا هەیە.

