رووداو دیجیتاڵ
د. عەباس کازم، پسپۆڕی کاروباری سیاسی دەڵێت، سەرکەوتنی هەڵمەتی دژەگەندەڵی لە عێراق بەندە بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری و دەشڵێت، واشنتن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق "کردار و دەستکەوتی دەوێت نەک تەنیا بەڵێن."
د. عەباس کازم، بەڕێوەبەری پرۆگرامی عێراق لە پەیمانگەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە واشنتن، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی "نووڕۆژی رووداو" رایگەیاند، گەورەترین دەستکەوتی ئێستای حکومەت، ئەو هاوئاهەنگییە کە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری دروستی کردووە.
"پێویستە حکومەت و دادوەری هاوئاهەنگ بن"
د. عەباس کازم ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی دادوەری هاوکارە و پشتیوانییەکی بێوێنەی سەرۆکوەزیران دەکات، بەتایبەت دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری. گوتیشی: "ئەمە وادەکات ئومێدێکی زۆر هەبێت کە هەڵمەتەکە وەک جارەکانی پێشوو لە نیوەی رێگەدا نەوەستێت."
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیەش، ئەو پسپۆڕە هۆشداری دا لەوەی ئەو کەسانەی لە گەندەڵییەکی وەها گەورەدا تێوەگلاون، بە ئاسانی کۆڵ نادەن و گوتی": سەرۆکوەزیران رووبەرووی کەسانێک دەبێتەوە کە لە رووی سیاسی و داراییەوە زۆر بەهێزن و شەڕ بۆ مانەوەی خۆیان دەکەن، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی هەموو کاردانەوەیەکیان لێ بکرێت."
واشنتن چاوەڕێی "دەستکەوت" دەکات
د. عەباس کازم باسی لە سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا کرد و رایگەیاند، واشنتن بە وردی چاودێری هەنگاوەکانی بەغدا دەکات و گوتی: "سەرۆکوەزیران پێویستی بەوەیە دەستکەوتی هەبێت تاوەکو لەگەڵ خۆی بیباتە ئەمەریکا. ئەگەر لە دۆسیەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەکدا سەرکەوتوو بێت، بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت و هەموو پاڵپشتییەکی پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە بەڵێنەوە بچێت، ئەرکەکەی لە واشنتن زۆر قورس دەبێت."
کۆنترۆڵکردنی چەک و بژێویی خەڵک
سەبارەت بە پرسی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، د. عەباس کازم ئاماژەی بەوە کرد کە یاسای ساڵی 2016 بنەمایەکی باشە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا رێکاری یاسایی بەس نییە.
بە بڕوای ئەو، پێویستە حکومەت پلانێکی ستراتیژی هەبێت بۆ دابینکردنی جێگرەوەی ئابووری بۆ ئەو کەسانەی چەک رادەست دەکەن، "چونکە زۆربەی ئەم کەسانە بۆ بژێوی خێزانەکانیان پشت بەو مووچەیە دەبەستن، بۆیە کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا وەرگرتنی پارچە چەکەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە رەخساندنی هەلی کار هەیە لە ناو کەرتی ئابووریدا."
د. عەباس کازم دەڵێت جەنگی دژە گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و ڕەنگە تەمەنی لە تەمەنی حکومەتێک زیاتر بێت، بەڵام هەنگاوەکانی ئێستا بە "ئەرێنی" و لەسەر "رێڕەوی راست" ناوزەند کرد.


