رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق چووەتە قۆناخێکی نوێوە و پاڵپشتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت هەیە؛ دەشڵێت: "کورد کەمترین پشکی لەو گەندەڵییانەدا بەردەکەوێت کە لە بەغدا دەکرێن." هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆـی رووداو رایگەیاند، کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق جیاواز لە کابینەکانی پێشوو، بە شێوەیەکی جیدیتر کار لەسەر دۆسییە ستراتیژییەکان دەکات، بەتایبەتی دۆسییەی گرووپە چەکدارەکان و گەندەڵی. سەبارەت بە گەندەڵی لە عێراق دا، هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "گەندەڵی لە عێراق دا پرسێکی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیە و بووەتە کولتوور؛ ئێستا تەنیا وەزارەتی نەوت نییە، بەڵکو گەندەڵی هەموو وەزارەتەکانی گرتووەتەوە، لە ناوەندەوە تاوەکو دەروازە سنوورییەکان." ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لە پێکهاتەی پەرلەمان گرت و گوتی: "بەشێک لە پەرلەمانتارە عەرەبەکان خۆیان بازرگان و وەبەرهێنن، ئەوەش وای کردووە پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکان تێکەڵی کاری یاسادانان بێت." پێی وایە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هاوئاهەنگیی تووند لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری هەیە. سەبارەت بە تێوەگلانی بەرپرسانی کورد لە دۆسییەکانی بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "کورد کەمترین پشکی گەندەڵی لە بەغدا بەردەکەوێت. گەندەڵیی گەورە و چەند ملیۆن دۆلاری بە پەرلەمانتار و بەرپرسی کورد لە بەغدا ناکرێت، چونکە جومگە سەرەکییەکانی دارایی و جێبەجێکردن لای پێکهاتەکانی دیکەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان نەک هەر بەشێک نییە لە کێشەکە، بەڵکو هاوکاریی حکومەتی عێراقیشی کردووە لە دۆزینەوەی سەرەداوی گەندەڵییەکان دا. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28-6-2026، هێزێکی هاوبەشی دژە تیرۆر و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی عێراق دەست پێکرد. تاوەکو ئێستا 21 پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای عێراق دەستگیر کراون. لەو ئۆپەراسیۆنە دا دەست بەسەر 200 ملیار دینار و 100 کیلۆگرام زێڕ دا گیراوە.
عێراق02-07-2026گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: مەترسی هەیە دۆسیەی گەندەڵی بۆ "پاکتاوی سیاسی" بەکاربهێندرێت
عێراق01-07-2026کشتوکاڵی عێراق: هەوڵ هەیە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دووگ بە قاچاخ هاوردە بکرێت