رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەت بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەکانی پێشووی کەرتی کارەبا دا بکات و دەڵێت، "گەندەڵی لە کەرتەکە دا هەیە." دەشڵێت، لەو 80 ملیار دۆلارەی لە دوای ساڵی 2003ـەوە بۆ کارەبا تەرخان کراوە، زیاتر لە نیوەی بۆ مووچە بووە.
رۆژی چوارشەممە، 1-7-2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاراستەیەکی گشتیی حکومەت و وەزارەتی کارەبا هەیە بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم دۆسیەکانی پێشوو دا. وەزارەت ئامادەیی خۆی بۆ ئەو پێداچوونەوەیە دەربڕیوە، چونکە دۆسیە هەیە سەلمێندراوە کەمتەرخەمی تێدا کراوە و هەندێکیشیان لە گەندەڵی تێوەگلاون."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە خەرجکردنی 80 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبا دەکەن لە کاتێک دا عێراقییەکان تەنیا 10 بۆ 14 کاژێر کارەبایان هەیە، ئەحمەد مووسا روونی کردەوە: "لەو 80 ملیار دۆلارە، زیاتر لە 40 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ مووچە بووە. بەشەکەی دیکەشی بۆ کڕینی سووتەمەنیی هاوردەکراو، کڕینی وزە لە وەبەرهێنەران و چاککردنەوەی ئەو وێستگانە بووە، کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە وێران کرابوون."
گوتەبێژی پێشووی وەزارەتی کارەبا نکۆڵی لەوە نەکرد گەندەڵی لە کەرتی کارەبا دا هەیە و گوتی: "کەس ناڵێت گەندەڵی نییە، وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەو کەرتانەی گەندەڵی تێدا کراوە." ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ناوەڕاست بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دا دەکرێت.
بەپێی گوتەکانی ئەو بەرپرسە، سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە پێداچوونەوە بە چەندین جۆر گرێبەست دا بکرێت، لەوانە: گرێبەستەکانی وەبەرهێنان، دروستکردنی وێستگەکان، کەرتی گواستنەوە و گرێبەستەکانی کرێی دابەشکردنی کارەبا، ئەوەش لە پێناو دەرخستنی راستییەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
.jpg&w=3840&q=75)


