رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق دەڵێ، کۆی داهاتی گومرگی وڵات لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گەیشتووەتە سێ ترلیۆن دینار؛ هاوکات ئاشکرای دەکات لەگەڵ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی نیمچە رێککەوتندان، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوەتی بەندە بە یەکلاییبوونەوەی پرسی 50%ـی داهات لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق، سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی ئەسیکۆدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەیشتووینەتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو لە گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لە رووی تەکنیکییەکەوە هیچ گرفتێکمان لەگەڵ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان نییە و لەسەر زۆربەی خاڵەکان نیمچە رێککەوتنێک هەیە، بەڵام چەند پرسێک ماون کە پەیوەستن بە یاسای بودجەوە، بەتایبەت پرسی رادەستکردنی 50%ـی داهاتە نانەوتییەکان."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ روونیکردەوە کە کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ئەسیکۆدا بەردەوامن و لیژنە هاوبەشەکان کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە بە زووترین کات.
لەبارەی داهاتی گومرگی عێراق لەم ساڵدا، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ گوتی: "تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە، کۆی داهاتی گشتیی گومرگ گەیشتووەتە سێ ترلیۆن دینار."
سامر قاسم داود ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەرزبوونەوەیەی داهات بەهۆی تووندکردنەوەی رێکارە چاودێرییەکان، چاکسازیی گشتی لە دەستەی گومرگ و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا هاتووەتە دی و گوتی: "ئەو رێکارانە کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادبوونی داهات هەبووە."
لە مانگی داهاتووەوە "پارەدانی پێشوەختە" دەستپێدەکات
لەبارەی رێکارەکانی رێگریکردن لە ساختەکاری لە پێناسە گومرگەکان، سامر قاسم داود ئاشکرای کرد کە قۆناخی سێیەمی سیستمی ئەسکۆدا لەژێر ناوی "دەروازەی یەکگرتوو" دەستی پێکردووە کە کۆتایی بە ساختەکردنی بەڵگەنامە و دەستکاریکردنی پێناسی کاڵاکان دەهێنێت.
سامر قاسم گوتی: "لە رێککەوتی 1ـی 10 سیستمی پارەدانی پێشوەختەی گومرگی دەستپێدەکات، بەجۆرێک باجی گومرگی بە شێوەیەکی پێشوەختە لە کاتی حەواڵەکردنی پارە لەڕێگەی بانکەکانەوە وەردەگیرێ. هەروەها بەستنەوەی سیستمەکە بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە رۆڵێکی گەورە لە رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی دەبینێت."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بڕیاری پارەدانی پێشوەختەی باج و گومرگ دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق گوتی: "ئەو کۆمپانیایانەی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکانەوە کەلوپەل هاوردە دەکەن و لە بانکی ناوەندی تۆمارن، بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، بەڵام لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێ، چونکە جێبەجێکردنی پارەدانی پێشوەختە مەرجە سیستمی ئەسیکۆدای هەبێت."
لەبارەی رێگری لە هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەلی قاچاخ، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ باسی لەوە کرد: "بەشەکانی پشکنین و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە هەموو گومرگەکانی عێراق چالاک کراون، تاوەکو رێگری لە هەر هەوڵێکی هاوردەکردنی کاڵای نایاسایی بۆ بازاڕەکانی عێراق بکرێ."



