رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، تاوەکو ئێستا 8 پەرلەمانتار و بەرپرسی پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوا دەستگیرکراون.
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی 6 بەرپرسی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکراون؛ چواریان پەرلەمانتارن، لەگەڵ بریکارێکی وەزیر و بەڕێوەبەرێکی گشتی".
دەستگیرکراوەکانی سەر بە سەلاحەدین بریتین لە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و پەرلەمانتار؛ هیند عەباسی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم؛ ئەشواق سالم حەسەن جبووری و بوشرا رەجەب قەیسی، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت و رائید جبووری، بەڕێوەبەری تەندروستی و پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئاماژەی بەوەش کرد، ئێوارەی دووشەممە لە بازگەی عەباس چۆما لە خورماتوو، لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا دەست بەسەر 400 دەفتەر دۆلاردا گیرا؛ دوێنێش ئەو کارمەندانەی دەستیان بەسەر پارەکەدا گرتبوو، لەلایەن بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراقەوە خەڵات کران.
هاوکات محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دوو پەرلەمانتار دەستگیرکراون کە بریتین لە محەممەد فەرمان شاهر جبووری لە فراکسیۆنی تەقەدووم و عەبدولڕەحمان لویزی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، محەممەد فەرمان شاهر لە نەینەوا دەستگیرکراوە و عەبدولڕەحمان لویزی بۆ بەغدا بانگهێشت کراوە و لەوێ دەستگیرکراوە.
سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک، عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کەرکووکی نەگرتووەتەوە و هیچ بەرپرسێک دەستگیرنەکراوە".
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە دەستپێکرد.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.



