رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی "بڕیارێکی چارەنووسسازە" و ئامادەیە لەگەڵ ئەو گەندەڵکارانەی پارە دەگەڕێننەوە، رێککەوتنی "پاکتاوکردن" بکات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستەکە بە رێگەیەکی باش دەزانێت و دەڵێ، بەهۆی لاوازیی دۆخی ئەمنییەوە ناتوانرێ بە تووندی رووبەڕووی "سەرە گەورەکان" ببێتەوە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، "بڕیاری کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بژاردە نییە، بەڵکو بڕیارێکی چارەنووسسازە بۆ مانەوەی دەوڵەت."
زەیدی ئۆفەرێکی خستە بەردەم گەندەڵکاران و دەڵێ، "هەر کەسێک پارەکە بگەڕێنێتەوە، رێککەوتنی پاکتاوکردنی لەگەڵ دەکەین و رێکارەکان بە نهێنی دەهێڵینەوە، بەڵام ئەوەی رەتی دەکاتەوە، هەڵوێستێکی دیکەمان بەرامبەری دەبێت."
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە جیهاندا چەند میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی پارەی دزراو پەیڕەو دەکرێن، لەوانە:
یەکەم: بەکرێگرتنی کۆمپانیای تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە.
دووەم: پشتبەستن بە هەواڵدەری نهێنی.
سێیەم: پاکتاوکردن لەگەڵ کەسی گەندەڵ.
چوارەم: رێکاری دادگە، دەستگیرکردن و سزادان.
جەمال کۆچەر پشتگیری لە پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیران دەکات و دەڵێ، "ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەهۆی چەند هۆکارێک. یەکەم، کەسەکە دان بەوەدا دەنێت کە دزی کردووە. دووەم، زیانەکە رادەگیرێ. سێیەم، پارەکە دەگەڕێندرێتەوە. پاشان، دەکرێ دواتر لەلایەن دادگەوە دۆسیەکانیان هەڵبدرێتەوە."
سەبارەت بەوەی بۆچی رێکاری تووندتر بەرامبەر گەورە گەندەڵکاران ناگیرێتەبەر، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتی، "ئەستەمە بتوانرێ رێکاری تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، بۆیە پاکتاوکردن و چاوپۆشی لەوەی کردوویانە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارەکە، هەنگاوێکی باشە."
جەمال کۆچەر هۆکاری گونجاویی ئەم هەنگاوە بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق گەڕاندەوە و گوتی، "لێدان لە سەرە گەورەکان پێویستی بە دۆخێکی زۆر بەهێزی ئەمنی و سەربازییە. عێراق ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی نییە، بۆیە ئەگەر زەیدی بیەوێ رووبەڕووی کەسانی گەورە ببێتەوە، رەنگە تیرۆر بکرێ."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە ئەنجامدا.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.



