رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک لیژنەی وردبینیی دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار گرێبەستەکەی پارێزگاکەی راسپارد کە پێش 15ـی مانگی داهاتوو سەرجەم رێکارەکان تەواو بکەن. هەروەها بڕیاری دا رۆژانی شەممەش دەوام بکرێت تاوەکو رێگری لە دواکەوتنی زیاتری ناوەکان بکرێت.
رۆژی شەممە، 19ی ئەیلوولی 2026، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، زانیاریی نوێی لەبارەی چارەنووسی فۆڕمی پێشکەشکارانی 7,304 پلەی گرێبەستی کەرکووک خستەڕوو.
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، "لیژنەی لاوەکیمان بۆ تەواوکردنی زانیاریی پێشکەشکارانی 7,304 گرێبەستەکە راسپاردووە کە پێش 15ـی مانگی داهاتوو سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تەواو بکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد سەرۆکی لیژنەی لاوەکی روونکردنەوەی داوە بەهۆی لۆد و قەرەباڵخیی زۆری سەر کارەکان و هەبوونی کەموکوڕییەکی زۆر لە زانیاریی بەشێک لە فۆڕمی پێشکەشکاراندا، پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی ناوەکان کاتێکی زۆری دەوێت و لەوانەیە بکەوێتە کۆتاییی مانگی داهاتوو.
محەممەد سەمعان ئاشکرای کرد، سەرۆکی لیژنەی لاوەکی پێشنیازی کردووە بۆ ئەوەی رێکارەکان لە کاتێکی کەمتردا جێبەجێ بکرێن، پێویستە فەرمانبەرانی لیژنەکە لە ئەرکی بەشەکانی دیکەیان ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی تەواوی کاتیان بۆ ئەم دۆسیەیە بێت، هاوکات رۆژانی شەممەش دەوام بکەن.
پارێزگاری کەرکووک گوتی، "ئێمەش دەستبەجێ بەدەم ئەم پێشنیازەوە چووین و رەزامەندیمان دەربڕی لەپێناو خێراکردن و راپەڕاندنی مامەڵەی گەنجانی کەرکووک."
دامەزراندنی ئەم حەوت هەزار گرێبەستە لە کەرکووک لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێراقدا بۆ پارێزگاکە تەرخان کراوە، لە کۆی ئەو 150 هەزار کەسەیە بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق دادەمەزێندرێن.
.webp&w=3840&q=75)

