رووداو دیجیتاڵ
لەنێو ناوچەی سەوز لە بەغدا تەقە لە درۆنێک کرا و فەرماندەیەکی باڵای ئەمنییش رایگەیاند، "مامەڵە" لەگەڵ درۆنەکە کراوە و هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە.
کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، درۆنێک بەسەر ناوچەی سەوزی شاری بەغدا سوڕایەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیەکی زۆری لێکرا. ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری دروستکرد.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، "درۆنێکی بچووک لە ئاسمانی ناوچەی سەوز لە نێوەڕاستی بەغدا بیندراوە، هێزە ئەمنییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان مادیی لێبکەوێتەوە."
سوڕانەوەی ئەو درۆنە بەسەر ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، کە زۆربەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و باڵیۆزخانەی وڵاتانی تێدایە، لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەوە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسانی حکومی و حیزبی بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی لە عێراق دەستیپێکردووە.


