رووداو - دیجیتاڵ
عێراقییەکان لەنێوان سووتانی پلەکانی گەرما و تاریکیی ماڵەکانیاندا، رووبەڕووی شۆکێکی نوێی گەندەڵی بوونەتەوە. لەکاتێکدا لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 62 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە.
ئۆپەراسیۆنە چاکسازییەکانی ئەم دواییە پەردەیان لەسەر کارەساتێکی گەورە لادا؛ دەستگرتن بەسەر 76 ملیار دینار تەنیا لە ماڵی بەرپرسێکی کارەبادا، تووڕەیی شەقامی گەیاندە لوتکە. ئێستا تاکی عێراقی دەپرسێت: بۆچی بەو هەموو بودجە زەبەلاحەوە، هێشتا بەرهەمهێنانی کارەبا ناگاتە نیوەی پێداویستیی؟
عەبدولکەریم سەعد، کاسبکارێکی بەغداییە و باس لەو نالەبارییە دەکات کە بێکارەبایی بۆی دروستکردوون و دەڵێت: "کارەبا کارەساتە، شەش کاژێر دەبڕدرێت و تەنیا یەک کاژێر دێتەوە. ئەمڕۆ لە کاژێر 09:30ی بەیانییەوە کارەبا کوژاوەتەوە و تاوەکو 16:00ی ئێوارە نەهاتەوە؛ ئەمە کۆتایی هاتنی کارەبایە لە عێراق."
76 ملیار دینار لە ماڵی بەرپرسێکدا! لەکاتێکدا عێراق بەدەست کورتهێنانی 35 هەزار مێگاوات کارەباوە دەناڵێنێت، هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی دەرەنجامی ترسناکیان ئاشکرا کردووە. دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست و دۆزینەوەی 76 ملیار دینار لە ماڵەکەیدا، بێ هیواییەکی گەورەی لای هاووڵاتییان دروستکردووە. عودەی سوهێل، کە وەک کڕیارێک لە بازاڕدایە، دەڵێت: "ئەو پارەیەی لای گەندەڵکاران بوو، ئەگەر لە کارەبا خەرج بکرابوایە، نەک هەر کارەبای خۆمان باش دەبوو، بەڵکو دەمانتوانی کارەبا هەناردەی دەرەوەش بکەین."
بودجەی 20 ملیار دۆلاری و ئەنجامی سفر ئامارەکان نیشانەی پرسیارێکی گەورە دەخەنە سەر وەزارەتی کارەبا؛ بودجەی ساڵانەی وەزارەتەکە نزیکەی 20 ملیار دۆلارە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا لە 25 هەزار مێگاوات تێناپەڕێت، لەکاتێکدا وڵات پێویستی بە 60 هەزار مێگاوات هەیە. ئایات موزەفەر، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت هەموو تێوەگلاوان رووبەڕووی یاسا ببنەوە و پارەی تاڵانکراوی گەل بگەڕێندرێتەوە."
بەپێی گوتەی لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووتری کارەبا، ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار لەم وەزارەتەدا بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ دەچێت. ئەم لێشاوە گەورەیەی بەهەدەردانی دارایی وایکردووە تاکی عێراقی لە گەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا، تەنیا 4 بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانیی پێبگات.



