رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێ، عێراق لە دوو بۆ سێ ساڵی رابردوودا لە ریزبەندی و خاڵەکانی پێوەری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی "پێشکەوتنێکی بچووکی" بەخۆیەوە بینیوە.
مانوێڵ پێرینۆ، راوێژکاری تایبەت بە کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە هەڵمەتەکانی تایبەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە عێراق گوتی: "هێشتا زووە بڵێین ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو بووە،" بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە لە رووکەشدا "ئۆپەراسیۆنێکی تەواو رەوایە" و دوای چەندین مانگ لە لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوە.
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، کێشەی گەندەڵی لە عێراق پەیوەست نییە بە گرووپێکی دیاریکراو یان لایەنێکی سیاسییەوە، بەڵکو پەیوەندی بە "پەیکەری گەندەڵ و ئەو کەلێنانەوە هەیە کە دەتوانرێت بقۆزرێنەوە؛ گرنگ نییە کێ لە دەسەڵاتدایە."
پێرینۆ دەشڵێت: "پەیکەرەکان رێگە بە گەشەکردنی گەندەڵی دەدەن. کاتێکیش ئەم پەیکەرانە هەن، گەندەڵی گەشەدەکات. بەهەدەردان، دەوڵەمەندبوونی نایاسایی، پەیکەری دەسەڵات و پەیکەری بەرژەوەندیخوازی هەن، کە پێی دەگوترێت 'واستە'."
مانوێڵ پێرینۆ ئاماژەی بەوەدا کە بەشێک لەو پارەیەی بە گەندەڵی بەدەستهاتووە، لە عێراق دەبردرێتە ناوەندە داراییەکانی دیکەی جیهان، وەک ئیمارات، لەندەن، دوورگەکانی کەیمەن یان پاریس، ئەوەش لە رێگەی "نێوەندگیر، ژمێریار، پارێزەر و کارئاسانکەرانەوە."
قسەکانی پێرینۆ ئەمڕۆ سێشەممە 30-6-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشكێشیکرد.
پێرینۆ جەختی لەوە کردەوە کە "دەکرا عێراق تەنیا بە داهاتی نێوخۆیی ببووایەتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، بەڵام ئێستا هەموومان شایەتحاڵی کێشەکانین لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان، کارەبا و پێشکەوتنی ژێرخان. بۆیە بە روونی شتێک هەیە لە شوێنی خۆی نییە."
ئەو راوێژکارەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی گوتیشی، عێراق یاسای تایبەت بە خاوەندارێتیی سوودمەندبووی هەیە، بەڵام "پەرشوبڵاون" و خاوەنی تۆمارێکی گشتیی بەردەست نییە بۆ خاوەنە سوودمەندەکان. بە بڕوای ئەو راوێژکارە، ئەمە "هەنگاوێکی گرنگە کە پێویستە هەر ئێستا بگیرێتەبەر."
لەبارەی چاودێریی ئەمریکاوە لەسەر بەرپرسانی عێراق، پێرینۆ گوتی: "هەندێک لە ناوەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون یان چاودێری کراون، بەشێک بوون لە لێکۆڵینەوە درێژخایەنەکە و هەندێکیان دەستگیرکران." لەگەڵ ئەوەشدا "گرنگترە عێراق توانای خۆی بۆ چاودێریکردنی خەرجییەکان لە ناوخۆدا بنیات بنێت، نەک پشت بە چاودێریی حکومەتی دیکە ببەستێت."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە کرد کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.


