رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی پێنج بەربژێری وەک جێگرەوەی پێنج پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پەسند کرد.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 18ی خۆی و لەسەر بنەمای نووسراوی فەرمانگەی کاروباری پەرلەمان و بە رەچاوکردنی ژمارەی دەنگەکان، بەربژێرە جێگرەوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی 2025ی بۆ پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، دیالە و موسەننا دیاری کرد.
بەربژێرە جێگرەوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان بەم شێوەیەن:
جەمال عەلی عوەید عیساوی، بەربژێری ژمارە سێ لە پارێزگای بەسرە وەک جێگرەوەی مستەفا جەبار سەند لە لیستی (ئەبشر یا عێراق) دیاریکرا، دوای ئەوەی مستەفا سەند بووە وەزیری گەیاندنی عێراق.
سەلاح مەحجووب هادی زوهێری، بەربژێری ژمارە سێ لە پارێزگای دیالە وەک جێگرەوەی موسەننا عەلی مەهدی تەمیمی لە لیستی (رێکخراوی بەدر) دیاریکرا، دوای ئەوەی موسەننا تەمیمی بووە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق.
زەهرا جەمیل مەیالی، بەربژێری ژمارە پێنج لە پارێزگای موسەننا وەک جێگرەوەی فالح ساری عەبد لە (هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت) دیاریکرا، دوای ئەوەی فالح ساری بووە وەزیری دارایی عێراق.
جاسم محەممەد شەریفی، بەربژێری ژمارە 15 لە پارێزگای بەغدا وەک جێگرەوەی نەعیم عەبوودی لە لیستی (سادیقوون) دیاریکرا، دوای ئەوەی نەعیم عەبوودی بووە ئەمینداری ئەنجوومەنی ئەمیندارانی عێراق.
حوسێن تالیب عەبوود فەزڵی، بەربژێری ژمارە 22 لە بەغدا وەک جێگرەوەی عەممار مووسا کازم ئەسەدی لە هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت دیاریکرا، دوای ئەوەی عەمار مووسا کرایە ئەمینداری بەغدا.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە نووسراوی فەرمی پەرلەمانی عێراق لەم بڕیارانە ئاگاداردەکاتەوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان بۆ دەستبەکاربوونیان تەواو بکرێن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەچوو. پەرلەمانی عێراق 329 کورسییە؛ 320یان گشتین و 9کورسیان کۆتان.



