رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، بڕی 19 ملیار دیناری لە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی پەیوەست بە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق گەڕاندوەتەوە.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکیی کەرخی بەغدا، بڕی 19 ملیار دیناری عێراقی بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندەوە."
دادگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی بوو کە بریتی بوو لە "دەستکاریکردنی لیست و پسووڵەکانی سپاردنی پارەکە کە تایبەت بوو بە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق."
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.
ئەم هەنگاوەی دادگا لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ گەنجینەی گشتی چڕکردووەتەوە.



