رووداو دیجیتاڵ
وردە وردە تۆمەتی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە ئاشکرا دەبێت کە لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا دەستگیرکراون، لەوانەش وەرگرتنی پرۆژەی وەهمی، وەرگرتنی پارە لە بەرپرسانی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنی پارەی ئەو بەرپرسانە لە ماڵەکانیان و بازگەکان، کە گومان دەکرێ بە گەندەڵی پەیدایان کردبێت.
200 ملیار دینار و 100 کیلۆ زێر
لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا، کە بەرەبەیانی رۆژی 28-06-2026 دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکراون، کە 13یان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و ئەوی دیکەیان پەرلەمانتاری خولی رابردووە. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکراونەتەوە و هەروەها ئەو زانیاریانەی رووداو لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستیکەوتوون، تەنیا لەنێو ماڵی پێنج تۆمەتباردا دەست بەسەر زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دیناردا گیراوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراقیش بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دەست بەسەر 200 ملیار دینار و 100 کیلۆ زێڕی تۆمەتبارەکاندا گیراوە.
بە گوتەی ئەوە سەرچاوەیە، "موڵک و ماڵی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی دەستگیرکراون زۆر زیاترە لەو بڕەی دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام لە پڕۆژە و کاری جیاواز بەکاریانهێناوە و کار دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی دەوڵەت."
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، کاتێک دەستگیرکرا، لە ماڵەکەیدا ئەم سامانە دۆزرایەوە: 98 ملیار دینار، 11 ملیۆن دۆلار، 70 خانووبەرە، 21 ئۆتۆمبێل و 3 کیلۆگرام زێڕ.
هەروەها لە ماڵی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، دەست بەسەر 11 ملیۆن دۆلار و 4 ملیار دینار و لەگەڵ ژمارەیەک بەڵگەنامەی خانووبەرە و کاتژمێری گرانبەهادا.
بەڵام گەندەڵییەکە تەنیا لە وەزارەتی نەوت نەماوەتەوە و گەیشتووەتە نێو پەرلەمانی عێراقیش.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لەنێو ماڵی بوشرا قەیسی، پەرلەمانتاری پارێزگای سەلاحەدین لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دەست بەسەر 13 ملیار دیناردا گیراوە. هەروەها 9 ملیار دینار لە عەدنان جومەیلی، بریکارەکەی وەزیری نەوت وەرگرتووە.
هاوکات ئەشواق جبووری، لە هاوپەیمانیی عەزم، تۆمەتبارە بە وەرگرتنی 9 ملیار دینار لە عەدنان جومەیلی.
زۆربەی ئەم بەرپرس و پەرلەمانتارانە لەنێو جەرگەی دەسەڵات، واتە لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیرکراون. (هەڵمەتی بەرەبەیان) هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا ناو و ژمارەی سەرسوڕهێنەرتری گەندەڵی لە عێراقدا ئاشکرا ببن.
بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون؟
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، بوشرا قەیسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە بەتۆمەتى گەندەڵى دەستگیرکراوە، پارەی لە عەدنان جومەیلی وەرگرتووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
جگە لەوەش، ئەو کەسە تۆمەتبارە بەوەی گرێبەستى لە کەرتى پاڵاوتنى بەرهەمەکانى نەوت وەرگرتووە، ئەویش بەهۆی پێگەکەی، کە ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرمانى عێراقە.
ئەشواق جبوورى یەکێکى دیکە پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پشکى سەلاحەدین کە دەستگیرکراوە، لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا دەکرێ بەتۆمەتى وەرگرتنى پارە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەساڵى 2025 لە عەدنان جومەیلی، بریکارى پێشووى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى پاڵاوتن.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە سەلاحەدین بە رووداوى گوت: "ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتبارە بەوەى نۆ ملیار دینارى لە عەدنان جومەیلی وەرگرتووە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنەکەى کە خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن رێگەپێنەدراوە، ئەوە جگە لەوەى سەرچاوەى ئەو پارەیەش گومانى لەسەرە."
هند عەباسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى عەزم بەوە تۆمەتبارە کە رۆڵى هەبووە لە وەرگرتنى پڕۆژە لە کەرتى پاڵاوتن بەنرخى کەمتر یان رۆڵ بینینی لەوەى کەسانى دیکە پڕۆژە وەربگرن.
عەلى مەعارج بەهادلی، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن کە 11 ملیۆن دۆلار و چوار ملیار دینار لە ماڵەکەی دەستى بەسەردا گیرا، چەند تۆمەتێکى ئاڕاستەکراوە کە تایبەتن بە مۆڵەتى وێستگەى دابەشکردنى بەنزین و بڕى ئەو سووتەمەنییانەى دەدرێتە وێستگە ئەهلییەکان.
سەرۆکی حیزبێکی عێراقی: لیستێکی 64 کەسی بۆ دەستگیرکردن ئامادەیە
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی عەشایەری رایدەگەیێنێت، لە سێ رۆژی داهاتوودا 64 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیردەکرێن؛ دەشڵێت: "هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ هەولێر هەیە و پەرلەمانتارانی سلێمانی و دهۆکیش لە لیستی داواکراواندان."
عەبدولڕەحمان جەزائیری، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو زانیاریانەی درکاند.
جەزائیری گوتی، تەنیا بەیانیی ئەمڕۆ، زیا جەعفەر، دادوەری دادگەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ " 14 کەسایەتیی گرنگ" دەرکردووە و داوا دەکرێ دادگەییکردنەکانیان بە شێوەی ئاشکرا بێت.
لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر، عەبدولڕەحمان جەزائیری رایگەیاند: "هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. ئێستا دوو پەرلەمانتار کە یەکێکیان خەڵکی سلێمانی و ئەوی دیکەیان خەڵکی دهۆکە، لە لیستی داواکراواندان و کار دەکرێ بۆ رادەستکردنیان."
جەزائیری دەڵێت، "پیاوانی ئایینیش لە لێکۆڵینەوەکان بەدەر نین. لە نەجەفەوە بڕیاردراوە کە پارێزبەندی لەسەر هیچ کەسێک نەبێت و هەر کەسێک تێوەگلابێت، تەنانەت ئەگەر مێزەریشی لەسەر بێت یان پیاوی ئایینی بێت، دەبێت رووبەڕووی یاسا ببێتەوە و چیدیکە کەس لە سەرووی یاساوە نییە."
لادانی بەرپرسان لە پۆستەکانیان
هاوتەریب لەگەڵ (هەڵمەتی بەرەبەیان)، حکومەت دەستیکردووە بە لادان و دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەرمانبەر، بەهۆی کەمتەرخەمی لە کاروباری فەرمانگەکانیان.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی عومەر سەلیم ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی لە وەزارەتی کارەبای عێراق لەسەرە و رۆژی 28ـی ئەم مانگە دەرچووە، وەزارەتی کارەبا دوای بەدواداچوونی لیژنەیەکی وردبینیی باڵا، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی 19 بەڕێوەبەر و بەرپرسی کارەبا لە بەسرە
محەممەد بەتات، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکارلادانی ئەو بەرپرسانە پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە هەیە و بەڵگەی پێویست لەبەردەستە".
بەپێی بەڵگەنامەکان، بڕیاری لەکارلادانەکە هەریەکە لە یاسین عەبدولواحید یاسین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای بەسرە و جێگرەکەی، هەروەها مازن مەزڵوم محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای باکووری بەسرە و جێگرەکەی گرتووەتەوە. جگە لەوان، 15 لێپرسراوی دیکەی بەشەکانی فرۆشتن، وردبینی، ژمێریاری، کۆگەکان و بەشی یاسایی لەکار لادراون.
ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی کارەبا دەست رووداو کەوتوون، باس لەسەر زنجیرەیەک سەرپێچی دەکەن کە بوونەتەهۆی بەفیڕۆدانی سامانی دەوڵەت، لەوانە تۆمەتبارکردنی لێپرسراوان بە هاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا تاوەکو پارەی کەمتر بدەن، دەستنیشانکردنی کورتهێنان لە کۆگەکان، لەوانە ونبوونی دوو گۆڕەر (محاویلە)ی گەورە (400 کەی ڤی) لە کۆگەکانی باکووری بەسرە.
لێپرسراوانی بەشی یاسایی تۆمەتبارکراون بەوەی سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارنەکردووە کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر تۆڕی نیشتمانی. تۆمارکردنی وەرگرتنی پارەی قیستی کارەبا لە هاووڵاتییان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی یاساییان هەبێت یان پارەکە بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە.
دەست بەسەر چوار ملیۆن دۆلاردا دەگیرێ
رۆژی سێشەممە لە بازگەیەکی سنووری قەزای خورماتوو لە ئۆتۆمبێلێکدا دەست بەسەر چوار ملیۆن دۆلاردا گیرا. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی قەزاکە، گومان دەکرێ ئەو پارەیە پەیوەندیدار بێت بە دۆسیەکانی گەندەڵی و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، ئەو چوار ملیۆن دۆلارە لە بازگەی عەباس چۆمە دەستی بەسەردا گیراوە کە ئێستا لە بەردەست پۆلیسی خۆجێیی پارێزگاکەیە.
بازگەی عەباس چۆمە لە باشووری قەزای خورماتووە و رێگەی سەرەکیی هاتووچۆیە بۆ پارێزگای دیالە.
ئەو سەرچاوە بەرپرسە رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە تابلۆی بەغدای پێوەبووە و بەرەو دیالە بەڕێگەوە بووە، یەک کەسی تێدابووە و دەستگیرکراوە.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە پارەیە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، رائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین و سێ پەرلەمانتاری پشکی ئەو پارێزگایە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران.
لە نەینەوا چەند پرۆژەیەکی نەوت گومانی گەندەڵیان لێدەکرێ
سێ پڕۆژەی کەرتی نەوت لە سنووری پارێزگای نەینەوا لەنێو ئەو دۆسیانەدان کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکەن، کە بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پەیوەندیدارن بە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەک ئەنجوومەنی پارێزگا زانیارییان پێدراوە کە لەنێو ئەو دۆسیانەی کە بە گومانی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێ، چەند دۆسیەیەکیان پەیوەندیدارن بە چەند پڕۆژەیەکی کەرتی نەوت لەو پارێزگایە.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئەو سێ دۆسیەیە پەیوەندیدارن بە دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی دروستکردنی پاڵاوگەی حەمام عەلیل و گرێبەستی دیکە کە تایبەتن بە کەرتی پاڵاوتن و نەوت لە گەیارە و عەین زالە.
بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی حەمام عەلیل لە 16ی تەمووزی 2025 لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى ئەو کات داندرا، کە بڕیارە لەدوای تەواوبوونی، رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێ.
دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیاندا بەردەوامە. لە شارەوانیی سەلاحەددین چوار کەس بە تۆمەتی وەرگرتنی پرۆژەی وەهمی دەستگیرکران.
چارەنووسی یاسایی پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان چی دەبێت؟
لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا 13 پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمان دەستگیرکراون، لەگەڵ پەرلەمانتارێکی خولی رابردوو. بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، 10 پەرلەمانتاری دیکە پارێزبەندیان لێ وەرگیراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون.
بە گوتەی شارەزایانی یاسایی و پەرلەمانتاران، ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی لە هەڵمەتەکەی ئەم دواییەدا بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون، مووچە و شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی دادگە بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکانیان دەدات.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەر و شارەزای یاسا و دەستوور، رۆژی سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیردەکرێن، وەک رێکارێکی یاسایی دەست بەسەر موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا دەگیرێ، بەڵام ئەمانە تاوەکو ئێستا تەنیا تۆمەتبارن نەک تاوانبار، تاوەکو ئەو کاتەی دادگە بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات."
ئەیاد کاکەیی روونیکردەوە، ئەگەر تۆمەتبارەکە بێتاوان دەرچوو، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی هەڵدەگیرێ، بەڵام "ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا سەلمێندرا و دادگە بڕیاری کۆتایی دا، ئەوا لە کار دەردەکرێت، مووچە و شایستەکانی دەبڕدرێ و مافی خانەنشینیشی نابێت."
هەروەها جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر پەرلەمانتار و بەرپرسێک، ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی بەسەردا ساخ بووەوە و دادگەی بڕیاری کۆتایی دا، ئەوا مووچە و شایستەی نامێنت و لە پەرلەمانتاری و کار دەردەکرێ و مافی خانەنشینی نابێت. ئەگەریش بێ تاوان دەرچوو، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی و دەوامی ئاسایی خۆی دەکات.
روانگەی "ئیکۆ عێراق" داوا دەکات یاساکان هەموار بکرێن بۆ ئەوەی دەستبەجێ مووچەی هەر بەرپرسێک رابگیرێ کە بە تۆمەتی گەندەڵی یان تاوانی دارایی دەستگیر دەکرێت.
مامەڵەی ئەلکیترۆنی بۆ رێگری لە گەندەڵی
حکومەتی عێراق رێگەی جۆراوجۆری گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، لەوانەش گۆڕانکاری لە مامەڵەی خانووبەرە، کە یەکێکە لە رێگاکانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.
لەمەودوا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی موڵک لە عێراق دەکرێتە ئەلیکترۆنی؛ ئەگەر نرخی مامەڵەکە لە 500 ملیۆن دینار زیاتر بێت، پێویستە پارەکەی لە هەژماری بانکی دابنرێت.
وردەکاریی جێبەجێکردنی ئەم رێکارە لە نووسراوێکی وەزارەتی دادی عێراقدا هاتووە کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە کراوە. بەگوێرەی نووسراوەکە، سەرەتا ئەم بڕیارە لە رۆژی چوارشەممە، 1ی تەممووزی 2026 لە بەغدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێ، ئەویش لە رێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنییەوە بە ناوی (سەکۆی خانووبەرە).
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، بە رووداوی گوت، دوای بەغدا، لە سەرجەم پارێزگاکان ئەم رێکارە جێبەجێ دەکرێ و گرێبەستی نێوان کڕیار و فرۆشیار بۆ مامەڵەی هەر موڵکێک دەبێت لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە بێت بۆ وردبینیکردن.
ئەحمەد لعێبی رایگەیاند، ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتەکەیانەوە هەیە، وردبینیکردنی گرێبەستەکانی فرۆشتنی ئەو موڵکانەیە ئەگەر کەموکوڕی هەبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنی گرێبەستەکە تاوەکو لە رێگەی سەکۆکەوە راستی بکاتەوە. ئەم هەنگاوە لەسەر داوای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و نووسینگەی بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر نراوە.
بەگوێرەی بریارەکە، هەر موڵکێک لەو مامەڵانەدا نرخە خەمڵێندراوەکەی لە 500 ملیۆن دینار زیاتر بێت، دەبێت مەرجەکانی نووسینگەی بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارەی تێدا لەبەرچاو بگیرێت و پارەکەش لەگەڵ گرێبەستەکەیدا لە بانکێک دابنرێت.
پەرلەمانتارێکی پێشوو: گرتنی گەندەڵە سەرەکییەکان ماوە
ئەندامێکی پێشووی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەوانەی ئێستا دەستگیرکراون، گەندەڵکاری پلە دوون و هێشتا کەسانی پلە یەک دەستگیر نەکراون.
هەندرێن لەزگین، ئەندامی پێشووی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "ئەم پلانە لە دەرەوەی عێراق دانراوە، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی عێراق دەزانن".
هەندرێن لەزگین ئاماژەی بەوەدا ئەوانەی تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون، گەندەڵکاری پلە دوون و هێشتا "سەرە گەورەکان" نەگیراون؛ گوتی، "لە دەستەی دەستپاکیدا دۆسیەی زۆر گەورە هەبوون کە ناوی سەرۆک حیزب و سەرۆک کوتلە گەورەکانی تێدابوو، بەڵام پێشتر کەس نەیدەوێرا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات."
هەندرێن لەزگین باسی دۆسیەی (موسەننا سامەڕایی)، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی کرد و گوتی، "موسەننا سامەڕایی بۆ 15 ساڵ پڕۆسەی چاپکردنی کتێبی وەزارەتی پەروەردەی قۆرخ کردبوو؛ ساڵانە حکومەت 130 ملیار دیناری پێدەدا بۆ کڕینی چاپخانە و دابینکردنی کتێب، کەچی کەس نەیدەوێرا لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات."
یەکێکی دیکە لەو دۆسیە گەورانەی هەندرێن لەزگین باسی دەکات، کەرتی کارەبایە و ئاشکرای کرد کە لە گرێبەستێکی کۆمپانیای (سیمێنس)دا بۆ دروستکردنی دوو وێستگە لە باشووری عێراق، بڕیار بووە بە 300 ملیۆن دۆلار جێبەجێ بکرێ، بەڵام بەرپرسانی وەزارەت داوایان لێکردوون نرخەکە بکەنە 500 ملیۆن دۆلار و ئەو 200 ملیۆنە بۆ بەرپرسان بگێڕنەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایە رەتیکردووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی لێژنەی دەستپاکی گوتی، "تەنیا لە یەک دۆسیەدا 1.5 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبا بەهەدەر دراوە. پارە بۆ پڕۆژەکان وەرگیراوە بەڵام هیچ شتێک جێبەجێ نەکراوە."
وەزیری دارایی عێراق: گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵکاران بەرپرسیارێتییە
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری کراوە بۆ پاراستنی سامانی وڵات.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تیشکیان خستووەتە سەر ئەو میکانیزمانەی کە گەرەنتی گەڕاندنەوەی سامانی گشتی دەکەن بۆ نێو گەنجیەنی دەوڵەت بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، "بە شێوەیەک کە رێگری لە بەفیڕۆدان و بەهەدەردانی داهاتی وڵات بگرێت."
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، "پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتەکەی سوورە لەسەر پشتگیریکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان راوەدوونانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانە "بەو ئامانجەی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزتر ببێت و بنەماکانی دەستپاکی و سەروەریی یاسا بچەسپێن."
زەیدی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پاشگەزبوونەوەی نییە
(هەڵمەتی بەرەبەیان) بە سەرپەرشتی راستەخۆی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی فالح زەید، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دوایین هەڤپەیڤینیدا رایگەیاند، نەخشەڕێیەکی تووندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی داناوە و جەختی لەوە کردەوە کە "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڕیاری کۆتایییە و گەڕانەوەی نییە."
زەیدی لە هەڤپەیڤینێکەدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند، گەندەڵی هەڕەشە لە بوونی دەوڵەت دەکات و گوتی، "پێویستە ئەم قۆناخە کۆتایی بێت؛ هەندێک کەس تەنیا بۆ دزیکردن هاتبوونە ناو جەستەی دەوڵەتەوە، بەڵام ئێستا بە یاسا رووبەڕوویان دەبینەوە."
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیری دارایی راسپاردووە هەژمارێکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی "پارە دزراوەکان" بکاتەوە.
عەلی فالح زەیدی گوتی، "من نە مووچە وەردەگرم و نە هیچ دیارییەک قبووڵ دەکەم، تەنانەت ئەگەر (بۆینباخ)ـێکیش بێت. دەمەوێت بیسەلمێنم کە رۆڵەکانی عێراق دەتوانن بە پاکی ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەن."




