رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، جەخت لە قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ عێراق دەکەنەوە و پارێزگاری بەسرەش یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە بواری وزە و تەکنەلۆژیا واژۆکرد.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، بە یاوەریی شاندێکی کۆمپانیای (KBR)ی ئەمریکی سەردانی پارێزگای بەسرەی کرد و لەلایەن ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە و عەقیل فەریجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگاکەوە پێشوازی لێکرا.
واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای KBR
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای (KBR)ی ئەمریکی واژۆکردووە، کە تایبەتە بە بوارەکانی وزە، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیا.
کۆمپانیای (KBR)، یەکێکە لە کۆمپانیا جیهانییە پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری ئەندازیاری، تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییەکان؛ ناوەندی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری هیوستنە لە ویلایەتی تەکساس و چالاکییەکی بەرفراوانی لە کەرتەکانی نەوت، وزە، بەرگری و بۆشایی ئاسماندا هەیە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن "بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت لە پارێزگای بەسرە کە بە چەقێکی گرنگی ئابووریی عێراق دادەنرێت."
جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیدارەکەیدا لەگەڵ پارێزگاری بەسرە رایگەیاندووە، "ئێمە بەهیوای قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ئابووریی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراقین، هەردوولا پابەندین بە بەدیهێنانی ئەنجامی بەرجەستە کە لە بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکا و گەلی عێراقدا بێت."
ئەم جووڵە ئابوورییەی ئەمریکا لە بەسرە، هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتن لە نێوەڕاستی مانگی داهاتوودا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو کە لە واشنتن پرۆژەی "سندوقی وزە و گەشەپێدان" تاوتوێ دەکەن، کە بڕیارە رۆژانە داهاتی 500 هەزار تاوەکو دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا کۆبکرێتەوە. زەیدی ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەو سندوقە لە دامەزراوە داراییە رەسەنەکانی ئەمریکا هەژماری بۆ دەکرێتەوە و پارەکەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کارەبا و ژێرخان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەکاردێت.

.jpg&w=3840&q=75)

