رووداو دیجیتاڵ
شارەزایانی یاسایی و پەرلەمانتاران دەڵێن، ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی لە هەڵمەتەکەی ئەم دواییەدا بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون، مووچە و شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی دادگە بڕیاری کۆتایی (پلەی کۆتایی) لەسەر کەیسەکانیان دەدات.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەر و شارەزای یاسا و دەستوور، رۆژی سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەکرێن، وەک رێکارێکی یاسایی دەست بەسەر موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا دەگیرێت، بەڵام ئەمانە تاوەکو ئێستا تەنیا تۆمەتبارن نەوەک تاوانبار، تاوەکو ئەو کاتەی دادگە بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات."
ئەیاد کاکەیی، روونیکردەوە، ئەگەر تۆمەتبارەکە بێتاوان دەرچوو، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی هەڵدەگیرێت، بەڵام "ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا سەلمێندرا و دادگە بڕیاری کۆتایی دا، ئەوا لە کارەکەی دەردەکرێت، مووچە و شایستەکانی دەبڕدرێت و مافی خانەنشینیشی نابێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا مووچەکانیان بەردەوام دەبێت، چونکە وەک بژێوی خێزانەکانیان هەژمار دەکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر پەرلەمانتار و بەرپرسێک کە ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی بەسەردا ساخ بووە و دادگەی بڕیاری کۆتایی دا، ئەوا مووچە و شایستەی نامێنت و لە پەرلەمانتاری و کارەکەی دەردەکرێت و مافی خانەنشینی نابێت. ئەگەریش بێ تاوان دەرچوو، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی و دەوامی ئاسایی خۆی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە کرد. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکراوەکان، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، لەو هەڵمەتەی کراوە تاوەکو ئێستا 21 پەرلەمانتار و بەرپرس دەستگیرکراون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
روانگەی "ئیکۆ عێراق" رەخنەی لە بەردەوامیی مووچەی ئەو بەرپرسانە دەگرێت و رایگەیاند: "مووچە و دەرماڵەکان بەردەوام دەبن تاوەکو بڕیاری کۆتایی دادگە یان بڕیاری فەرمی بۆ لێسەندنەوەی ئەندامێتی دەرنەچێت." روانگەکە داوا دەکات یاساکان هەموار بکرێن بۆ ئەوەی دەستبەجێ مووچەی هەر بەرپرسێک رابگیرێت کە بە تۆمەتی گەندەڵی یان تاوانی دارایی دەستگیر دەکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
