رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق بڕیاری دا بە لەکارلادانی 19 بەڕێوەبەر و لێپرسراوی فەرمانگەکانی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای بەسرە.
بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتەکە کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەو لێپرسراوانە بەهۆی "کەمتەرخەمیی گەورە، گەندەڵی دارایی و دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا" لەکار لادراون و رەوانەی دەستەی دەستپاکی کراون.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی عومەر سەلیم ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕیی لە وەزارەتی کارەبای عێراق لەسەرە و رۆژی 28ـی ئەم مانگە دەرچووە، وەزارەتی کارەبا دوای بەدواداچوونی لیژنەیەکی وردبینیی باڵا، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی چەندین بەڕێوەبەری باڵا لە بەسرە.
محەممەد بەتات، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەکارلادانی ئەو بەرپرسانە پەیوەندیی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە هەیە و بەڵگەی پێویست لەبەردەستە." گوتیشی، "ئێمە چەندینجار لە ئەنجوومەن بانگهێشتی ئەو بەرپرسانەی کەرتی کارەبامان کردووە و لێپرسینەوەمان لە کەمتەرخەمییەکانیان کردووە."
تۆمەتەکان؛ لە ونبوونی گۆڕەر بۆ فێڵکردن لە پێوەرەکان
بەپێی بەڵگەنامەکان، بڕیاری لەکارلادانەکە هەریەکە لە (یاسین عەبدولواحید یاسین) بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای بەسرە و جێگرەکەی، هەروەها (مازن مەزڵوم محەممەد) بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای باکووری بەسرە و جێگرەکەی گرتووەتەوە. جگە لەوان، 15 لێپرسراوی دیکەی بەشەکانی فرۆشتن، وردبینی، ژمێریاری، کۆگەکان و بەشی یاسایی لەکار لادراون.
ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی کارەبا دەست رووداو کەوتوون، باس لەسەر زنجیرەیەک سەرپێچی دەکەن کە بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی دەوڵەت، لەوانە:
- تۆمەتبارکردنی لێپرسراوان بە هاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا تاوەکو پارەی کەمتر بدەن.
- دەستنیشانکردنی کورتهێنان لە کۆگەکان، لەوانە ونبوونی دوو گۆڕەر (محاویلە)ی گەورە (400 کەی ڤی) لە کۆگەکانی باکووری بەسرە.
- لێپرسراوانی بەشی یاسایی تۆمەتبارکراون بەوەی سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمار نەکردووە کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر تۆڕی نیشتمانی.
- تۆمارکردنی حاڵەتی وەرگرتنی پارەی قیستی کارەبا لە هاووڵاتییان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی یاساییان هەبێت یان پارەکە بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە.
وەزارەتی کارەبا بڕیاری داوە کە سەرجەم ئەو بەرپرسانە رەوانەی "دەستەی دەستپاکی فیدراڵی" بکات بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی فەرمانگەی ئابووری بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی ئەو زیانە داراییانەی کە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەوە بەر کەرتی کارەبا لە باشووری عێراق کەوتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
