رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی 10 هاونیشتمانی لە لیبیا، ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی 10 گەنجی دەستبەسەرکراو بڵاوبووەتەوە کە گوایە خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی. کەسوکاری ئەو گەنجانە بە رووداویان راگەیاند، 45 رۆژە هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا، بەڵام ئێستا لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی (ئەبو عەلی) لە ناوچەیەکی لیبیا بە بارمتە گیراون و بۆ ئازادکردنی هەر یەکێکیان داوای 4,000 دۆلار دەکرێ.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بەدواداچوونم بۆ ئەو دۆسیەیە کردووە. هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بەردەست نییە لەسەر هەبوونی زیندانیی عێراقی لە زیندانە فەرمییەکان. دەزگا ئەمنییەکانی لیبیاش بە باڵیۆزخانەی عێراقیان راگەیاندووە کە هیچ بەندکراوێکی عێراقی لەو زیندانانەدا نییە."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کەسوکاری کۆچبەرەکان پێیان وایە ئەو گەنجانە لە زیندانەکانی وەک رەحبە، بیرلغەنەم وحوفرە دەستبەسەرن، بەڵام تاوەکو ئێستا نێردەی دیپلۆماسیی عێراق نەچووەتە ئەو زیندانانە؛ گوتیشی: "باڵیۆزخانەی عێراق بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەو شوێنانە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی لیبیادا نین، بەڵکو لەژێر دەستی گرووپی چەکداراندان. دیپلۆماتانی عێراقیش ناتوانن لە رووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە پەیوەندی بە گرووپی چەکدارەوە بکەن و دەبێت تەنیا لە رێگەی حکومەتەوە مامەڵە بکەن."
بە گوتەی موسەننا ئەمین، لە زیندانی (بیرل غەنەم) گەنجێکی خەڵکی دووکان دەستبەسەرە کە خۆی راستەوخۆ پەیوەندیی بە کەسوکارییەوە کردووە و بوونی خۆی لەوێ سەلماندووە، بەڵام چارەنووسی ئەو 10 گەنجەی دیکە کە باس لە دەستبەسەرکردنیان دەکرێ لە زیندانەکانی حوفرە یان رەحبە، هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "شەش گەنجی دیکەی خەڵکی سنووری رانیە و پشدەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە بە کۆچبەری گەیشتبوونە لیبیا، زیاتر لە سێ مانگە هیچ سۆراخێکیان نییە."
موسەننا ئەمین گوتی: "پێناچێت ئەو گەنجانە مابن. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانم، بەلەمەکەیان لە دەریای نێوەڕاست نوقم بووە و خنکاون."
کەسوکاری ئەو 10 گەنجەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون باس لەوە دەکەن، پارەی تەواویان بە قاچاخچی داوە تاوەکو بە سەلامەتی بیانگەیێنێتە ئەورووپا، بەڵام لە لیبیا رادەستی باندە چەکدارەکان کراون و قاچاخچییەکە لەگەڵ کەسی دەستبەسەرکەر مامەڵە لەسەر سەریان دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە لە 8ـی ئەم مانگەدا، بە هەوڵی باڵیۆزخانەی عێراق 33 گەنجی دیکەی کورد کە لە لیبیا دەستگیر کرابوون، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام سێ گەنجیان هێشتا لەوێ ماون و چاوەڕوانی تەواوبوونی مامەڵەکانیانن بۆ گەڕانەوە.


