رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی رەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لە کۆی 850 کارگەی بەرهەمهێنانی خشت لە ناوچەی پیشەسازیی نەهرەوان لە بەغدا، نزیکەی 700 کارگەیان داخراون، ئەمەش بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خشت.
پێشتر حکومەت بۆ هەر تەنکەرێک نەوتی رەش کە لە کارگەکاندا بەکاردەهات، بڕی سێ ملیۆن دیناری وەردەگرت، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 15 ملیۆن دینار بەرزکردووەتەوە.
ئەبو یاس عەگێلی، خاوەن کارگەیەکی بەرهەمهێنانی خشت، بە رووداوی گوت: "ئێمە سەرمان سوڕما لە سێ ملیۆنەوە بۆ 15 ملیۆن نرخی تەنکەرە نەوتیان بەرزکردووەتەوە. بەم کارە پیشەسازی لە وڵاتدا کۆتایی پێدێت، هەروەک چۆن کشتوکاڵ کۆتایی پێهات."
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی خشت لە بازاڕدا هەبووە. پێشتر نرخی چوار خشت بە 500 دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 1250 دینار بەرزبووەتەوە. ئەمەش وایکردووە هاووڵاتییان بۆ دروستکردنی خانووەکانیان، لەبری خشت پەنا بۆ بەکارهێنانی بلۆک ببەن.
سەفا عەگێلی، وەبەرهێنەر، دەڵێت: "زیادکردنی نرخی نەوت بۆ پێنج هێندە، کەرتی تایبەت و پیشەسازیی بەرهەمهێنانی خشتی بەتەواوەتی پەکخستووە. ئێستا ئێمە بەرهەمەکانمان بە زەرەر دەفرۆشین، چونکە کارگەکان وەستاون."
داخستنی کارگەکان بووەتە هۆی بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆر کرێکار. فەهد عۆدە، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران، ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کارگەیەک نزیکەی 150 بۆ 200 کرێکاری هەیە و گوتی: "خاوەن کارگەکان پێیان راگەیاندووین کە ناتوانن پارەی نەوتی رەش دابین بکەن، بۆیە کرێکارەکانمان ئێستا هەموویان بێکارن."
حەیدەر عەبد، یەکێک لە کرێکارەکان، باس لەوە دەکات کە بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر کارکردنە لەو کارگانە و دەڵێت: "ئەو بڕیارە زۆر کاریگەریی لەسەرمان هەبووە. ئەگەر کارگەکان بەداخراوی بمێننەوە، بژێوی خۆمان و منداڵەکانمان نامێنێت."
پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە چیتر ناتوانێت بەرهەمە نەوتییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین بکات.

