رووداو دیجیتاڵ
سێ پڕۆژەی کەرتی نەوت لە سنووری پارێزگای نەینەوا لەنێو ئەو دۆسیانەدان کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکەن، کە بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پەیوەندیدارن بە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: وەک ئەنجوومەنی پارێزگا زانیارییان پێدراوە کە لەنێو ئەو دۆسیانەی کە بە گومانی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت، چەند دۆسیەیەکیان پەیوەندیدارن بە چەند پڕۆژەیەکی کەرتی نەوت لەو پارێزگایە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، ئەو دۆسیانە پەیوەندیدارن بەو گرێبەستانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کراون.
لە 30ی ئایار، عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زۆرینەی گەندەڵییەکانی ئەو دۆسیەیە پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و ئەهلییەکان.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئەو سێ دۆسیەیە پەیوەندیدارن بە دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی دروستکردنی پاڵاوگەی حەمام عەلیل و گرێبەستی دیکە کە تایبەتن بە کەرتی پاڵاوتن و نەوت لە گەیارە و عەین زالە.
بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی حەمام عەلیل لە 16ی تەمووزی 2025 لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى پێشوو دانرا، کە بڕیارە لەدوای تەواوبوونی، رۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.
.jpg&w=3840&q=75)



