رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نەخشەڕێیەکی تووندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت ئاشکرا کرد. زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڕیاری کۆتایییە و گەڕانەوەی نییە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێستا سەرپەرشتیی (هەڵمەتی بەرەبەیان) دەکات کە لە شەقامی عێراقی بە (شەوی گرتنی حووتەکان)یش نێو دەبرێ، کە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.
زەیدی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند، گەندەڵی هەڕەشە لە بوونی دەوڵەت دەکات و گوتی: "پێویستە ئەم قۆناخە کۆتایی بێت؛ هەندێک کەس تەنیا بۆ دزیکردن هاتبوونە ناو جەستەی دەوڵەتەوە، بەڵام ئێستا بە یاسا رووبەڕوویان دەبینەوە."
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیری دارایی راسپاردووە هەژمارێکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی "پارە دزراوەکان" بکاتەوە.
عەلی فالح زەیدی گوتی: "من نە مووچە وەردەگرم و نە هیچ دیارییەک قبووڵ دەکەم، تەنانەت ئەگەر (بۆینباخ)ـێکیش بێت. دەمەوێت بیسەلمێنم کە رۆڵەکانی عێراق دەتوانن بە پاکی ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەن."
کاتی ئەوەیە گرووپەکان چەک دابنێن
سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، زەیدی هەڵوێستێکی تووندی نیشان دا و رایگەیاند، رێگە نادەن لە هەناوی دەوڵەتدا دەوڵەت هەبێ، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ (کۆنفرانسی سەروەریی نیشتمانی) دەبەستن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەزگا فەرمییەکاندا بێت.
گوتی: "هیچ هێزێک لە سەرووی هێزی دەوڵەتەوە نییە. مقاوەمە، پێویستییەکی کاتیی بوو نەک پیشە، ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان چەک دابنێن. تاوەکو ئێستا چەکێکی زۆرمان لە (سەرایە سەلام)، (عەسائیب ئەهلی حەق) و (کەتیبەکانی ئیمام عەلی) وەرگرتووەتەوە."
دامەزراندنی سندووقی وزە و گەشەپێدان
سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر کەرتی ئابووری و باسی لەوە کرد، دەیانەوێت پەیڕەوی (ئابووریی بازاڕ) بکەن و لە یاسا سۆسیالیستییەکانی سەردەمی بەعس رزگاریان بێت.
لەبارەی دۆخی دارایی عێراقەوە گوتی: "ئەو قسانەی باس لە تەنگژەی دارایی دەکەن ورد نین؛ مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و رێکخراوە. ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی (سندووقی وزە و گەشەپێدان)ین و داوام لە سعودیە، ئیمارات و قەتەر کردووە بەشداریی تێدا بکەن."
لەبارەی رێکخراوی (ئۆپێک)، زەیدی داوای کرد کە رێز لە مافی عێراق بگیرێت و پشکی وڵاتەکە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا زیاد بکرێت، چونکە عێراق 47 ملیۆن دانیشتووان و مێژوویەکی پڕ لە جەنگی هەیە کە تێیدا تەنیا بۆ ژێرخان 400 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
سەردانی واشنتن، ئەنقەرە، تاران و ریاز
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو سەردانی واشنتن بکات و دواتریش گەشت بۆ تورکیا، ئێران و سعودیە بکات. جەختی کردەوە کە (عێراق لەپێشینەیە) درووشمی سەرەکیی ئەوانە و رێگە بە هیچ جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی، نە لە رۆژهەڵات و نە لە رۆژئاوا نادەن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا و ئەحمەد شەرع، زەیدی گوتی: "پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتربوون دەچن و وەزیری دەرەوەمان سەردانی دیمەشق دەکات؛ ئێمە بەرەو کرانەوەی ئابووری دەچین لە پێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەل."
زەیدی دووپاتی کردەوە، پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێ تاوەکو وڵات بگەێننە لووتکەی سەقامگیری و چیدیکە بوار بۆ گەندەڵی و چەکی بێمۆڵەت نەمێنێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)