رووداو - دیجیتاڵ
پارێزگای سەڵاحەددین بووەتە چەقی گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی کە بە "گەندەڵی سەدە" دەناسرێت. چیرۆکەکە لە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتەوە دەستیپێکرد، کە دوای دەستگیرکردنی و تۆمەتبارکردنی بە بردنی ملیۆنان دۆلار و دینار، ناوی دەیان بەرپرسی باڵای دیکەی وەک هاوبەشی دۆسیەکەی ئاشکرا کرد.
جومەیلی کە کەمتر لە 2 ساڵ لە پۆستەکەیدا بووە، تەنیا بە بردنی پارە نەوەستاوە، بەڵکو بەپێی دانپێدانانەکانی، تۆڕێکی فراوانی لە بەرپرسانی ئێستا و رابردوو دروست کردووە.
دەستبەسەرداگرتنی ملیارەها دینار و ئۆتۆمبێلی گرانبەها یەکێک لە دەستگیرکراوە دیارەکان ئەشواق جبوورییە؛ ئەو هەرچەندە لە هەولێر دەستگیرکرا، بەڵام لە کاتی پشکنینی ماڵ و نوسینگەکەی لە تکریت، دەست بەسەر زیاتر لە 2 ملیار دیناردا گیرا.
یاسین مەحەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین لەبارەی وردەکاریی دەستگیرکردنەکان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانەی لە سەڵاحەددین دەستگیرکراون لەسەر بنەمای دانپێدانانی عەدنان جومەیلی بووە. ئەو برە پارانەی تاوەکو ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە داتایەکی روونیان نییە، بەڵام بەشێکیان لە هەولێر و بەشێکی دیکەیان لە گوندی شوێش لە قەزای بێجی دۆزراونەتەوە. عەدنان داوای 50 ئامێری تایبەتی کردبوو، هەروەها زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای هەبوو کە دەگوترێت هەندێکیان لەسەر داوای تایبەت بۆی دروستکراون."
تاوەکو ئێستا 7 کەسی دیکەی باڵا لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکراون، کە لە نێویاندا سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، چوار ئەندامی خولی ئێستا و رابردووی پەرلەمانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سەڵاحەددین هەن.
تکریت لە ژێر چاودێریی توندی ئەمنیدایە بەهۆی هەستیاریی دۆسیەکە و فراوانبوونی بازنەی دەستگیرکردنەکان، لە دەروازەکانی تکریت رێکاری توندی ئەمنی گیراونەتەبەر. هێزێکی زۆری دژەتیرۆری عێراق و پۆلیسی فیدراڵی لە شەقامەکان جێگیرکراون بۆ رێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی رۆیشتنی تۆمەتبارانی دیکە.
هەیسەم زەهوان، پارێزگاری سەڵاحەددین، پشتگیریی خۆی بۆ هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیران راگەیاند و گوتی: "ئێمە پشتگیریی دەوڵەتی سەرۆکوەزیران دەکەین لە رێکارەکانی ئەم دواییەی بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵکاران. پشتیوانیی دەستەی دەستپاکی، چاودێریی دارایی و دادگەی عێراق دەکەین؛ پشت بە خوا وڵاتمان جیاواز دەبێت لەگەڵ ساڵانی پێشوو."
رەوشی سەڵاحەددین بە تەواوی نائاساییە؛ جگە لە دۆسیەکەی جومەیلی، دەستەی دەستپاکی لە پارێزگاکە 97 دۆسیەی دیکەی گەندەڵی پڕ لە بەڵگەی ئاراستەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی دەستگیرکردنی بەرپرسان دەستپێبکات.


