رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو هەڵمەتەی دژی گەندەڵی دەستی پێکردووە تەنیا قۆناخی یەکەمە و رێگە بە هیچ گەندەڵکارێک نادەن بمێنێتەوە بەمەبەستی دزینی پارەی گشتی. هاوکات بڕیاریش درا باج بە رێژەی 35% بەسەر کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکاندا بسەپێنرێت.
شەوی یەکشەممە بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران هەشتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی وڵات، کەرتی وزە، باج و نیشتەجێکردن تاوتوێکران و چەند بڕیارێک دران.
"هیچ کەس لە بەرامبەر گەندەڵیدا پارێزبەندی نییە"
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، عەلی فالح زەیدی جەختی لەوە کردەوە شەرعیەتی حکومەتەکەی لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقدایە و گوتی: "ئەو هێرش و هەڵمەتەی دژی گەندەڵی دەستمان پێکردووە، تەنیا قۆناخی یەکەمە. حکومەت لەپێناو گەڕاندنەوەی پارەی گشتی بۆ سەرجەم پارێزگاکان بەردەوام دەبێت لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و لەم بەرپرسیارێتییەشدا چاوپۆشی لە کەس ناکرێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر قابیلی قبووڵ نییە لە بەرامبەر دۆخی ئێستادا بێدەنگی هەڵبژێردرێت و گوتی: "گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە پاسەوانی بەهێز و دڵسۆز لەسەر پارەی گشتی هەن. رێگە نادەین گەندەڵکاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بن بۆ ئەوەی سامانی هەژاران و دۆخی وڵات بقۆزنەوە، چەک و هێزیش تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا کورت دەکرێتەوە."
زەیدی داوای لە سەرجەم دەزگا چاودێرییەکان کرد، هەر تێبینی و ئاماژەیەک لەسەر کەمتەرخەمی یان گەندەڵی لە وەزارەتەکاندا هەیە، راستەوخۆ پێشکەشی بکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی تووند بگیرێتەبەر.
دابینکردنی 25 هەزار مێگاوات کارەبا و پڕۆژەی ملیۆنێک زەوی
سەبارەت بە کەرتی خزمەتگوزارییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە چوارچێوەی "بودجەی پڕۆگرامەکان" بۆ ساڵی داهاتوو، پشکی کەرتی کارەبا زیاد دەکرێت. ئامانجی حکومەت ئەوەیە لەمساڵدا گرێبەستی دابینکردنی 25000 مێگاوات کارەبا واژۆ بکات، بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا تۆڕی نیشتمانیی کارەبا دۆخێکی زۆر باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێشخەریی (ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبوون)ی وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی و ستراتیژی بۆ دابینکردنی زەوی و ژێرخانی پێویست لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) پەسندکرد. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی زەیدی و ئەندامێتیی چەند وەزیرێک پێکهێنرا بۆ دارشتنی نەخشەڕێگا و دیاریکردنی شایستەبووان.
سەپاندنی باجی 35% بەسەر کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکاندا
لە چوارچێوەی چاکسازیی دارایی و ئابووریدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسندکرد، کە تێیدا هاتووە:
سەرجەم کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و بەڵێندەرانی کارکەر لە عێراق، دەخرێنە ژێر یاسای باجی داهاتی ژمارە 19ی ساڵی 2010.
بەپێی بڕیارەکە، باجێکی جێگیر بە رێژەی 35% بەسەر کۆی گشتیی ئەو داهاتەدا دەسەپێنرێت کە ئەم کۆمپانیایانە لە ناوخۆی عێراقدا دەستیان دەکەوێت.
دەستەی گشتیی باجەکان پابەندکرا بە ناردنی لیستی ناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە هێشتا باجیان نەداوە بۆ وەزارەتی نەوت، تاوەکو شایستە داراییەکانی دەوڵەت وەربگیرێتەوە.
هاوكات بڕیاردرا زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان پابەند بکرێن بەدانی باجەکانیان؛ بە جۆرێک ئەگەر لە ماوەی 4 مانگدا بنەڕەتی باجەکەیان بدەن، بە رێژەی 100% لە سزا و سوودە داراییەکان دەبەخشرێن، و ئەگەر لە 4 مانگی دووەمدا بیدەن، بە رێژەی 50% دەبەخشرێن.



