رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هەشت بەرپرس و فەرمانبەری عێراق لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و رادەستی هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکرێن.
ئەو کەسانە پەرلەمانتار و بریکاری وەزارەت تاوەکو بەڕێوەبەر و فەرمانبەریان تێدایە. لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و بڕیارە لە سنووری پردێ رادەستی هێزە ئەمنیەکانی عێراق بکرێن.
هەردی محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ ناوی ئەو دەستگیرکرانەوە کرد. بەگوێرەی زانیارییە دەستکەوتووەکان، هەریەکە لە محەممەد مەیاحی، پەرلەمانتار و پارێزگاری پێشووی واست و زیاد جەنابی، بەرپرسی نووسینگەی عەدنان جومەیلی-یان تێدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت. هێزەکانی دژەتیرۆر (CTS) بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانی کەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان و بازرگانی گەورە هەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چەندین پەرلەمانتار وەک موسەننا سامەڕایی، عالیە نوسەیف و حەسەن خەفاجی لادراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون. ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە مانگی رابردوو دەستگیرکرابوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.
حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا سەرەتای قۆناخی یەکەمە و "لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێ جیاوازی و بە تووندی بەردەوام دەبێت".



