رووداو دیجیتاڵ
دوو لەو پەرلەمانتارانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان بوون و یەکێکی دیکەیان لە خولی پێشوو جێگری سەرۆکی لیژنەکە بووە.
زیاد جەنابی و محەممەد کەربولی، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کە لە نێو ئەو 47 کەسەدا بوون کە لە 23ی حوزەیران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقن.
ئەو دوو پەرلەمانتارە سوننەیە، لە 8ی حوزەیران لە نێو ئەو هاوپیشانەیان بوون کە متمانەیان پێدرا ببنە ئەندامی لیژنەی دەستپاکی ئەم خولەی پەرلەمان.
خالید رێکانی، کە لە خولی پێشووی پەرلەمان ئەندامی لیژنەی دەستپاکی بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەندامانی ئەو لیژنەیە رووبەڕووی فریودان دەبنەوە لە رێگەی پارەوە، بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی بکەن یان لێکۆڵینەوە لە پرسێکی گەندەڵی دوابخەن. کارکردن لەو لیژنەیە دەرفەتی ئەو جۆرە فریودانەی تێدایە.
یەکێکی دیکە لەو پەرلەمانتارانەی کە دەستگیرکراوە عالیە نسەیف، ئەندامی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە کە لە خولی پێشووی پەرلەمان جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی بووە.
![زیاد جەنابی [لای چەپ] و محەممەد کەربولی، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260628204148_333.jpg&w=3840&q=75)



.jpg&w=3840&q=75)