رووداو دیجیتاڵ
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، پشتیوانیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران راگەیاند و داوای بەردەوامبوونی ئەم هەڵمەتەی کرد لە پێناو بەدیهێنانی 'دادپەروەری و پاراستنی گەل و دەوڵەت'.
حەیدەر عەبادی، کە لە 2014-2018 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، داوای جێبەجێکردنی دوو خاڵ دەکات کە پێیوایە گەوهەرین:
یەکەم: دەبێت شەڕی دژی گەندەڵی گشتگیر و بەردەوام بێت و نەکەوێتە ژێر چەتری هاوسەنگییە سیاسییەکان یان بەرژەوەندییە بەرتەسکەکان، بە جۆرێک کە هەمووان بە یەک پێوەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
دووەم: ئەم رێکارانە ببنە بەشێک لە پڕۆژەی چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسیدا، تاوەکو کۆتایی بە پشێوی، پشککاری و سوودوەرگرتنی ناڕەوا بهێنێت و دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا بچەسپێنێت.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر داوای لە هەمووان کرد، پاڵپشتیی ئەم هەوڵانە بکەن تاوەکو چاکسازی بگەیێننە لووتکە. جەختی کردەوە کە ئەمە پاڵپشتییە بۆ چاکسازی و چەسپاندنی دەستپاکییە لە هەموو رەهەندە نیشتمانی و ئەخلاقییەکاندا.
عەبادی گوتی: "نابێ چیدیکە بوار بۆ گەندەڵی بمێنێتەوە و دەبێت یاسا سەروەر بێت".
چی روودەدات؟
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆک وەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت. هێزەکانی دژەتیرۆر (CTS) بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانی کەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان و بازرگانی گەورە هەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چەندین پەرلەمانتار وەک موسەننا سامەڕایی، عالیە نوسەیف و حەسەن خەفاجی لادراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون. ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە مانگی رابردوو دەستگیرکرابوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.
حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا سەرەتای قۆناخی یەکەمە و "لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێ جیاوازی و بە تووندی بەردەوام دەبێت".


.jpg&w=3840&q=75)
