رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی عێراقن لەسەر دۆسیەی گەندەڵی. باسی لەوەش کرد: "ئەگەری هەیە لیژنەیەکی FBI بێن و چاودێریی دۆسیەکە بکەن". رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزیرانی 2026، سامی ئەترووشی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە لە بووڵەتنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو، گوتی: "لە دەستپێکی ساڵی 2005ـەوە گەندەڵی لە عێراق بە شێوەیەکی فراوان دەستیپێکردووە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە نەک تەنیا بەرپرسی لایەنی جێبەجێکار بوون، بەڵکو پەرلەمانتاریش ئەو کارەیان کردووە، چونکە لە دوایین ئۆپەراسیۆنەکاندا بینیمان کە بەشێکی زۆریان ئەندام پەرلەمان بوون کە دەستگیرکراون". ئەترووشی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر حەیدەر عەبادی [سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 2014-2018] بۆ ئەوە هێنرا رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، بەڵام نەیتوانی و دواتر کازمییان هێنا و ئەویش نەیتوانی، بەڵام پێشبینی دەکات کە "عەلی زەیدی بتوانێت ئەم دۆسیانە بکاتەوە، بەڵام 100% نا." گوتیشی: "ئێستا بە دۆسیەیەکی ئاسایی دەستپێکرد کە بریکاری وەزیرە، ئەو ناوانەی باسکراون هەموو تایبەتن بەم دۆسیە، زانیاری بڵاوبووەتەوە کە ئەمریکا لیستێکی داوە بە عەلی زەیدی کە ناوی 1000 بەرپرسی عێراقی تێدایە تەنیا بەرپرسن بێجگە لە فەرمانبەر، سەری زۆر گەورە لە ناو دۆسیەکاندا هەن، ئەگەری هەیە ئەوە ببێتە هۆی ئەوە زەیدی بوەستێنێت." بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیریی عەلی زەیدی کردووە، بۆیە توانیویانە ئەو کارە بکەن و بێ ئەوان نەدەکرا. گوتیشی: "هەموو کەسێک ناکەوێتە بەر دەستی دادگە، بەڵام هەندێکیان دەگیرێن، ئەوانەی ئێستا گیراون تەنیا پەیوەندییان بە دۆسیەی نەوتەوە هەیە". سامی ئەترووشی نمونەیەکی راستی ساڵانی 2007 و 2008ـی خۆی هێنایەوە کە ویستوویانە لە عێراق بەرتیلی پێبدەن و گوتی: "لە ساڵی 2007 و 2008 سێ کەیسی جیاواز هاتنە بەردەستم، گوتیان کە دوو ملیۆن دۆلار بە من دەدەن تەنیا تاوەکو بیانگەیێنم بە بەرپرسێک، ئەو کۆمپانیایانە عێراقی بوون، بەڵام بە ناوی کۆمپانیای ئەمریکییەوە هاتبوون." سامی ئەترووشی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ جێگری پەرلەمان پارێزبەندیی لەسەریان هەڵگرتووە و ئەمریکاش زۆر لەسەر هێڵە، ئەگەری هەیە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە FBIـیش بێت و چاودێریی کەیسەکە بکات. باسی لەوەش کرد: "ئەمە تەنیا دۆسیەیەکی نەوتە، ئەی دەبێت دۆسیەکانی دیکە چۆن بن؟ باسی دۆسیەی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەی عێراق دەکرێت، ئەگەر ئەو دۆسیانە بکرێنەوە سەری گەورەی گەندەڵکاران دەکەوێتە بەر ئەم هەڵمەتە". لەبارەی ئەوانەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون ئەترووشی دەڵێت: "دۆسیەکە زۆر فراوانە و پێشتر ناوەکان لەبەردەست هەبوون و دۆسیەکە لە دەستەی دەستپاکی هەبووە، بەڵام گوشارێکی ئەمریکا هەبووە ئەگەرنا عێراق دەستی بەم هەڵمەتە نەدەکرد. ئەوەی گوێمان لێبووە عەلی زەیدی پشتگیریی نێودەوڵەتی هەبووە و ئەگەر پشتگیریی هاووڵاتییانیشی هەبێت ئەوا بەردەوام دەبێت و دەتوانێت زۆر کەس ئاشکرا بکات." لە هەڵمەتێکدا، 47 بەرپرس و کەسایەتی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق دەستگیرکراون کە بریکاری وەزارەتی نەوت و 12 پەرلەمانتاریان لەنێودایە. میدیای فەرمیی عێراق ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە لە 12 کاژێری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەدا دەستگیرکراون و 12 لەو کەسانە پەرلەمانتارن کە شیعە و سوننەیان تێدایە. یەکێک لەوانە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکانە. هەروەها عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن دەستگیرکراوە کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرابوو. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28-6-2026 دەستیپێکردووە و زۆرینەی تۆمەتبارەکان بەهۆی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتەوە دەستگیرکراون.