رووداو دیجیتاڵ
47 بەرپرس و کەسایەتی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق دەستگیرکران کە بریکاری وەزارەتی نەوت و 12 پەرلەمانتاریان لەنێودایە.
میدیای فەرمیی عێراق ناوی ئەو کەسانەی بڵاو کردەوە کە لە 12 کاژمێری ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکەدا لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکراون.
12 لەو کەسانە پەرلەمانتارن کە شیعە و سوننەیان لەنێودایە. موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانە، یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان.
عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان کە پێشتر لە 7ی ئایارى ئەم ساڵ لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خرایە لیستی سزادراوانەوە وەک بەشێک لە هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری".
ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 28ى حوزەیران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارانە دەستیپێکرد کەزۆرینەیان بەهۆى دۆسیەى گەندەڵى عەدنان جومەیلی ، بریکارى پێشووى وەزارەتى نەوتەوەیە.

بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەردەوامە.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە رایگەیاند، دەستی کردووە بە رێکاری تووند سەبارەت بەو تۆمەتبارانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بە تۆمەتی بردنی ماڵی گشتی.
دەستەکە دەڵێ: "رێکارەکانمان بەگوێرەی یاسایە و رای گشتی لە هەموو وردەکارییەکان ئاگادار دەکرێنەوە و لە رێگەی هاوئاهەنگی و هەوڵی هاوبەشی نێوان هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانان و هەوڵی دەستەی دەستپاکی، فەرمانی دەستگیرکردنەکان جێبەجێ کراوە."
ناوی دەستگیرکراوەکان:
- موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم
- پەرلەمانتار زیاد جەنابی لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی سەروەریی بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەمیس خەنجەر
- پەرلەمانتار بەها نووری لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی
- پەرلەمانتار محەممەد کەربولی لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی
- پەرلەمانتار عالیە نوسەیف لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی
- پەرلەمانتار محەممەد جەمیل مەیاحی، سەرۆکی فراکسیۆنی واسیت ئەجمەلی شیعەکان
- پەرلەمانتار حەسەن خەفاجی لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی
- پەرلەمانتار عەبدولڕەحمان لوێزی لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی
- ئیبراهیم سومەیدەعی، راوێژکاری پێشووی سوودانی
- عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت
- پەرلەمانتار بوشرا قەیسی لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی
- محەممەد سەیهود، ئەندامى پێشووى پەرلەمان
- پەرلەمانتار مزیەر کورەوی لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی سەروەریی بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەمیس خەنجەر
- پەرلەمانتار هند عەباسی لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی
- پەرلەمانتار محەممەد فەرمان جبووری لە فراکسیۆنی تەقەدوومی سوننەکان بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی



