رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەستپاکیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا ژمارەیەک کەسایەتی دەستگیرکراون، کە لانیکەم 7 پەرلەمانتاریان لەنێودایە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی دەستەی دەستپاکیی عێراق بۆ رووداو، محەممەد کەربوولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزمی سووننەکان بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی؛ عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی؛ محەممەد فەرحان شاهر جبووری، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی؛ حەسەنەین خەفاجی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە لە لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هەڵبژێردرابوو؛ موزر کەرەوەی، پەرلەمانتاری سەروەریی بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەمیس خەنجەر؛ ئەیهەم موزهر کەرەوەی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی و بەهادین نووری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژمارەیەک کەسی دیکە هەن، وەک موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان و محەممەد سەیهوود، پەرلەمانتاری پێشوو.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان بە رووداوی راگەیاند، راستە موسەننا سامەڕایی دەستگیرکراوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-06-2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکیی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبرد.


