رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، نزیکەی تۆنێک هۆشبەر و دەیان هەزار حەبی کارتێکەری دەروونییان لەنێو بردووە، ئەوەش وەک قۆناخی کۆتایی بۆ رێگری لە دووبارە بڵاوبوونەوەیان لەنێو کۆمەڵگەدا.
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە ( 16ـی ئەیلوولی 2026)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی لەنێوبردنی ئەو مادانە لەلایەن لیژنەیەکی ناوەندیی تایبەتەوە ئەنجامدراوە کە بەپێی مادەی (42)ی یاسای مادە هۆشبەرەکان (ژمارە 50ی ساڵی 2017) پێکهێنراوە و دادوەرێکی پلە یەک سەرۆکایەتیی دەکات."
بەگوتەی عەمید عەباس بەهادلی، ئەو مادانەی رەوانەی سووتێنەرەکان کراون پێکهاتبوون لە نزیکەی (1) تۆن لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەر، دەیان هەزار حەبی کارتێکەری دەروونی و بڕێکی زۆر لە مادە شلە هۆشبەرەکان.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان راشیگەیاند:" پرۆسەی لەنێوبردنەکە لە شوێنی تایبەت و ژینگەیی ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی سەرجەم رێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە. گوتیشی: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بڕینەوەی دەستی بازرگانان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەم مادە مەترسیدارانە بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێنەوە نێو بازاڕ و کۆمەڵگە."
پرۆسەی لەنێو بردنەکە بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدار و هێزە ئەمنییەکان بووە، سەرجەم مادە هۆشبەرەکان دەخرێنە نێو سندووقێکی تایبەت بە هەڵگرتن و ئەو ئۆتۆمبێلانەشی دەیان گوازنەوە تایبەتە بە لەنێوبردنی مادەی هۆشبەر.



